کانونی یه‌که‌م 01, 2022 18:31 Asia/Tehran
  • ڕاوێژی باڵوێزی ئێران لە بەغدا لەگەڵ نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق

باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دیدار و وتووێژی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)، «محەممەد کازم ئالی سادق»، باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و «جنین پلاسخارت»، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە باڵوێزخانەی ئێران لە بەغدا  کۆبوونەوە و پێکەوە گفتوگۆیان کرد .

لەم دیدارەدا، ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچوو، هەردوولا وێڕای پێداچوونەوە بە دوایین پێشهاتەکان، جەختیان لە پاڵپشتیی حکومەتی عێراق و هەروەها سەقامگیری و ئاسایشی ئەم وڵاتە کردەوە.

ھەرلە دیدارەکەدا «پلاسخارت» بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئەرێنیی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و عێراق ،بەردەوام کرانی ئەو ھاوکارییانەی بە پێویست زانی.

«محەممەد کازم ئالی سادق»یش وێڕای ڕوونکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئاسایشی عێراق لەسەر دراوسێکانی و سەقامگیریی ناوچەکە، داوای ڕۆڵی زیاتری نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بە ئامانجی باشترکردنی دۆخی ئاسایشتیی ناوچەکەی کرد.

باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها سەفەری ئەم دواییەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێرانی بە گرنگ و ناوازە نرخاند.

لە کۆتایی دا هەردوولا پێشوازییان لە هەوڵە بەردەوامەکانی بەغدا بۆ فراوانکردنی دیالۆگی ناوچەیی کرد.

سەرپەیڤ