کانونی دوھەم 31, 2023 11:00 Asia/Tehran
  • نوێنەرێکی عێراقی: حکومەت ئەرکمەندە بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تیرۆری شەهیدان سولەیمانی و ئەلموهەندیس

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وێڕای ئاماژە کردن بە بەدواداچوونی تاکەکەسی سەبارەت بە تیرۆرکرانی شەهیدان «سولەیمانی»و «ئەلموهەندیس» ڕایگەیاند: پێویستە حکومەت بە زووترین کات ڕاپۆرتەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی سێھەمی ژانویەی ٢٠٢٠ لە هێرشی مووشەکیی هێلیکۆپتەرە ئەمریکییەکان بۆ سەر دوو ترۆمبیل لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدای پێتەختی عێراق، سەرداری سپەھبۆد «حاج قاسم سولەیمانی» فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کە بە پێی بانگێشتنی فەرمیی دەوڵەتی عێراق سەردانی ئەم وڵاتەی کرد بوو، لەگەڵ «ئەبو مەھدی موھەندیس» جێگری سەرکردەی حەشدی شەعبیی عێراق و ھەشت کەسی دیکە لە ھاوڕێکانیان شەھید کران. 

بەگوێرەی ماڵپەڕی هەواڵدەریی ئەلمەعلومە، «فالح خەزعەلی»، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی دووشەممە داوای لە حکومەتی «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە تیرۆرکردنی شەهیدان «حاج قاسم سولەیمانی» و «ئەبومەهدی ئەلموھەندیس» ڕابگەیەنێت و پەرلەمان لە ئەنجامی بەدواداچوونەکە ئاگادار کاتەوەو، ئەوە ڕوون کاتەوە کە چ کەسانێک لە ئاستی نێوخۆو دەرەوەدا دەستیان هەبووە لە تاوانەکەی فڕۆکەخانەی بەغدا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە «سەلام حسێن» نوێنەری هاوپەیمانیی فەتح لە پەرلەمانی عێراق لە دووهەمی ئەم مانگەدا ڕایگەیاند، «مستەفا کازمی» سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەم وڵاتە، لەسەر فەرمانی واشێنگتۆن دۆسیەی سزادانی تاوانبارانی تیرۆرکردنی شەھیدان سەرداری سەرتیپ «قاسم سولەیمانی» و «ئەبومەهدی موهەندیس» و ئەوانەی تێیوەگلاون داخستووەو هەوڵی داوە ھەتا ڕاستییەکانی پشت ئەم دۆسیەیە بە شاراوەیی بمێنێتەوە.

سەرپەیڤ