شوبات 15, 2023 04:31 Asia/Tehran
  • هۆشداری دانی نوجەباء سەبارەت بە پیلانی گواستنەوەی نەوتی هەرزان لە عێراقەوە بۆ ئیسرائیل

وتەبێژی بزوتنەوەی نوجەبای عێراق پڕۆژەی ڕاکێشانی بۆریی نەوت لە بەندەری بەسرەی عێراقەوە بۆ بەندەری عەقەبەی ئۆردۆنی بە پیلانێک لەمەڕ ڕادەست کردنی وزە خوارتر لە نرخی بازاڕ بۆ ڕژێمی زایۆنی لێک دایەوە.

هێڵی گواستنەوەی نەوت لە بەسرەوە بۆ بەندەری عەقەبەی ئۆردۆن بە درێژایی هەزار و ٦٦٥ کیلۆمەترو بارستایی گواستنەوەی لە ڕۆژێکدا یەک ملیۆن بەرمیل نەوتە، بەپێی ڕێککەوتنێک کە کراوە، ئۆردۆن بۆی ھەیە ڕۆژانە ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە ڕێژەیەکی کەمتر لە بازاڕەکانی جیهان بکڕێت. جێبەجێکردنی ئەم هێڵەی گواستنەوەی نەوت نزیکەی ٩ ملیار دۆلاری تێ ئەچێ کە بەشی ھەرە زۆری کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە دابینی دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتیی ئەلنوجەبا، «ناسر ئەلشەمەری» وتەبێژی فەرمیی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی نوجەبا، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند: عێراق تێرمیناڵی گواستنەوەی نەوتی هەیە بۆ تورکیا و کەنداوی فارس و وڵاتانی دیکە و بەو هۆیەشەوە ئێمە پێمان وایە ئامانجی پێداگرتن لەسەر دروستکردنی ئەم هێڵە بۆرییە ڕادەست کردنی وزەی هەرزان بۆ ڕژێمی زایۆنییە.

«ئەلشەمەری» ئاماژەی بەوەش دا کە میسر و ئۆردۆن نەوتی عێراق دەبەن و لە خوار نرخی بازاڕەوە بە ئیسرائیلی دەفرۆشن. سات و سەودایەکی لەو شێوەیە لە هەرێمی کوردستانیش لە ئاردایەو داهاتی وەھا بازرگانییەک بۆ کوشتنی ڕۆڵەکانی نەتەوەی عەرەب لە فەلەستین و لوبنان و سوریا بەکاردەهێنرێت.

وتەبێژی نوجەباء لە درێژەی قسەکانی دا ھەرچەشنە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە نێوان گروپەکانی بەرخۆدان و هێزی داگیرکەری ئەمریکیی ڕەت کردەوەو ڕاشیگەیاند کە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک بوونی هێزی داگیرکەری ئەمریکی قبوڵ ناکەین، چونکە ئەوانە قەت ھەڵوێستی خۆیانیان نەگۆڕیوە.

سەرپەیڤ