یەکەم هەنگاوی پەرلەمانی عێراق بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلار
پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی جێگیرکردنی نرخی دۆلار سبەینێ چوارشەممە یەکەم هەنگاوی بەبڕشتانەی ھەڵدەگرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، سبەی چوارشەممە لیژنەی ئابوری و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رێکارەکانی تایبەت بە جێگیرکردنی نرخی دۆلار، میوانداریی «عەلی عەلاق» پارێزگاری بانکی ناوەندی دەکات.
لەم پەیوەندییەدا «د.بڕیار رەشید» ئەندامی لیژنەی ئابوری و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە: سبەی چوارشەممە لیژنەکەیان میوانداریی «عەلی عەلاق» پارێزگاری بانکی ناوەندی دەکات بەمەبەستی ئاگاداربوون لە کۆبوونەوەکانی نێوان هەردووک شاندی عێراق و ئەمریکا تایبەت بە نرخی دۆلار و سیاسەتی بانکی.
ئەم پەرلەمانتارە کوردە وتووشیەتی: داوا لە بەرپرسانی بانکی ناوەندی دەکەن ئاسانکاری زیاتر بکەن بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەنرخی فەرمی دۆلاریان دەست بکەوێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەکۆبونەوەکەدا پرسی فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و ئەوانیش داوا دەکەن لقی بانکەکان لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێن.
بە قسەی ناوبراو، تائێستا بانکی ناوەندی ژمارەیەک بڕیاری دەرکردوە بەبێ ئەوەی رێکاری پێویست بۆ ئاسان جێبەجێکردنی بڕیارەکان بگرێتەبەر، بۆیە داوا لە پارێزگاری بانکی ناوەندی دەکات لەم بابەتەش رونکردنەوەیان پێ بدات و هەنگاوەکانی داهاتویان بۆ رون بکاتەوە.