شوبات 24, 2023 15:36 Asia/Tehran
  • بەکارهێنانی یوان لە سات و سەودای نێوان عێراق و چین

سەرچاوەکانی هەواڵ ڕێککەوتنی نێوان چین و عێراقیان ڕاگەیاند، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە لایەنەکان مامەڵەی بازرگانی بە دراوە نیشتمانییەکانیان ئەنجام دەدەن.

بەگوێرەی پێگەی هەواڵدەریی ئەخبارولعێراق، بەرپرسانی چین بڵاویان کردەوە کە بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ لایەنی چینی ڕێککەوتووە بۆ ئەنجامدانی مامەڵە بازرگانییەکانیان لەگەڵ پەکین بە یوان لەبری دۆلاری ئەمریکی. ئەمەش پارەی نەوتیش دەگرێتەوە کە 90%ی ئاڵووێری بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات پێکدەهێنێت.

ئەو بەرپرسانە جەختیان لەوە کردەوە کە مامەڵەکردن لەسەر بنەمای دراوی نیشتمانی دەبێتە هۆی باشترکردنی دۆخی دینار. شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەمە یەکەم هەنگاوە بە ئاراستەی بەجیهانیکردنی یوان و بەکارهێنانی لەبری دۆلار.

هاوکات «تسوی وی»، باڵوێزی چین لە عێراق، لەم دواییانەدا جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتیکردنی عێراق لە بواری ئاوەدانکردنەوە و بەهێزکردنی ئابووری کردەوە و ڕایگەیاند، ساڵی داهاتوو سەرەتای جێبەجێکردنی ئەنجامی کۆبوونەوەی دوو قۆڵیی نێوان سەرکردەکانە لە عێراق و چین و دەستکەوتی نوێ بە هاوکاریی عێراق مسۆگەر دەبێت.

«تسۆی وی» بە ئاماژەدان بەوەی کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و چین شایەتی پێشکەوتنێکی ئاشتیانە بووەو هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە هەموو بوارەکاندا پێشکەوتنی هاوسەنگی بەخۆیەوە بینیوە لە دوای دامەزراندنی پەیوەندیی هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠١٥، «تسۆی وی» وتی: لایەنی چینی بە پتەوییەوە پشتیوانیی عێراق دەکات لە پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە و بەهێزکردنی هاودەنگی و هاوکاریی نێوان لایەنە جیاوازەکانی عێراق بەردەوامە.

سەرپەیڤ