ئاو کاربەدەستانی عێراق بەرەو تورکیا دەداتەبەر
وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕۆژی شەممە رایگەیاند، شاندێکی باڵا بەمەبەستی دانوستان لەسەر دۆسیەی بەردانەوەی پشکی ئاو بۆ عێراق دەچێتە تورکیا، هۆکاری کەمکردنەوەی پشکی ئاویش بۆ نەبوونی یاسایەک یان ڕێکەوتنێک دەگەڕێتەوە کە گەرەنتی ڕێژەیەکی دیاریکراوی ئاو بۆ عێراق بکات.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی عێراق ،«خالید شەماڵ» وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: تورکیا کاریکرد بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەی بەنداوەکانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێویستیی عێراق بە ئاو، لەماوەی چەند رۆژی داهاتوشدا شاندێکی باڵای عێراق بەرەو تورکیا بەڕێدەکەون بەمەبەستی دانوستان لەسەر پرسی بەردانەوەی ڕێژەی پێویستی ئاو بۆ عێراق.
وتیشی، "هۆکاری کەمکردنەوەی پشکی عێراق لە ئاو، نەبوونی یاسایەک یان ڕێککەوتنێکە کە گەرەنتی ڕێژەیەکی دیاریکراوی ئاو بۆ عێراق بکات، دۆسیەی دانوستانیش لەگەڵ تورکیا زۆر لایەنی دیکەی نێوان هەردو وڵات لەخۆدەگرێت.
وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو باسی لەوەشکرد، "قەیرانی ئەم دواییەی ئاو لە ئەنجامی کەمیی ئاوی بەنداوی موسڵ ڕوی دا، جگە لەو رێژە گەورەیەی کە لە بەنداوی حەدیسە تۆمارکرا کە رووبەڕووی بێئاوی بووبووەوە.
پێشتریش «وائیل عەبدولەتیف» ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو، عێراق لەگەڵ تورکیا سیاسەتێکی هەڵە پەیڕەو دەکات و هەموو ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا ئەنجام دراون، کاریان پێناکرێت، چارەسەرەکە لەوەدایە کە حکومەت دەبێ کارتی ئابوری بەکاربێنێت بە داخستنی سنورەکانی لەگەڵ تورکیا.