ئادار 20, 2023 00:13 Asia/Tehran
  • شەمخانی: هاوکاریی ستراتژیی ئێران و عێراق دەستەبەری ئاسایشی ناوچەکە دەکات

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران وتی: هاوکاریی ستراتژیکیی ئێران و عێراق زامنی ئاسایش و گەشەسەندنی ناوچەکەیە.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە درێقژەی پێ و شوێنگرتنی  ستراتیژیای دیپلۆماسیی دراوسێکان بەرەو بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێکەوت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «عەلی شەمخانی»، لە دیدارێکدا لەگەڵ «محەممەد شیاع ئەلسودانی» سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی  پەرەپێدانی ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەوتن لە عێراقدا.

«شەمخانی» دووپاتی کردەوە کە بێ گومان عێراق بەسەر ئەو کێشە سیاسی و ئەمنییەدا زاڵ دەبێت کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەسەر ئەم وڵاتەدا سەپێنراون، هاوکات ڕۆڵ و ئەرکی کاریگەری خۆی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا دەگەڕێنێتەوە بۆ پێگەی مێژوویی خۆی وەک ئەکتەرێکی گرنگ لە گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دا.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی وتیشی: هەر گرژی و قەیرانێک لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکانی ئێران و عێراق، ئاسایش و ئارامیی خەڵک تێکدەدات و بەربەستە لە بەردەم گەشەسەندنی شارە سنوورییەکان، بۆیە دەبێ لەگەڵ هەر هۆکارێکی ناوخۆیی و دەرەکی دا کە گرژی و ئاڵۆزی بنێنەوە دەبێت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ھەڵس و کەوت بکرێت و لەنێو ببردرێن.

«محەممەد شیاع سودانی» هەروەها وتی: حکومەت و گەلی عێراق هەمیشە پاڵپشتی و هاوکاریی برا ئێرانییەکانیان بە تایبەت لە کاتە سەختەکاندا بەرز نرخاندووە. شەهیدان «سەردار سولەیمانی» و «ئەبومەهدی موهەندیس» نموونەیەکی دیکەی پێکەوەبوونی دوو نەتەوەی ئێران و عێراقن.

«سودانی» ئاماژەی بەوەشکرد، واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی گرنگی ئەمنی لەنێوان تاران و بەغدا ئەوە دەردەخات کە بە گوتەی بەرپرسانی ئێران و عێراق، ئاسایشی ئەو دوو وڵاتە لە یەکتر جیا نین. دەوڵەتی عێراق بە پێی دەستووری ئەم وڵاتە و پابەندبوونی بەرامبەر، ڕێگە نادات هیچ لایەنێک خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ تێکدانی ئاسایشی ئێران.

سەرپەیڤ