ئادار 25, 2023 13:34 Asia/Tehran
  • سەرۆک کۆماری عێراق و سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کێشە سروشتییەکانیان تاوتوێ کرد

«لەتیف رەشید» سەرۆک کۆماری عێراق و«ئانتۆنێو گوتیرێش» سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان قەیرانی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوایان تاوتوێ کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، «لەتیف رەشید» لە پەراوێزی کارەکانی کۆنفرانسی ئاوی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ «ئانتۆنێو گوتیرێش» سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە.

لەدیدارەکەدا، کە هەریەک لە وەزیری دەرەوەی عێراق «فوئاد حسێن» و وەزیری ژینگەی عێراق «نزاز ئامێدی» و پارێزگاری بەسرە «ئەسعەد عیدانی»ش ئامادەی بوون، «لەتیف رەشید» پیرۆزبایی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنفرانسی ئاوی لە سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد و ئەو پێشنیارانەی بە گرنگ زانی کە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی قەیرانی ئاو لە جیهاندا، هاوکات سوپاس و پێزانینی خۆشی بۆ داوەتنامەکەی «گوتیریش» نیشاندا بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەدا.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە هەر لە میانی دیدارەکەدا، «لەتیف رەشید» باسی لەو ئاستەنگانە کردووە کە عێراق لە ئەنجامی قەیرانی ئاودا رووبەرووی بووەتەوە، ئەمە جگە لە دیاردەی بەبیابانبوون و وشکەساڵی و خۆڵبارین کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەھەندە جیاوازەکانی ژیان هەبوو، هاوکات ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی نەتەوەیەکگرتووەکانیش کرد لە بەر پشتیوانیکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی ئاو و چالاککردنی هاریکاری لەبواری ئاو کە لە سنوورەکانەوە دێن بۆ دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانە لە نێوان وڵاتاندا.

لە بەرامبەردا «ئانتۆنێو گوتیرێش» سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانیش، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆککۆماری عێراق دەربڕی بۆ پێشوازییە گەرم و گوڕەکەی لە سەردانەکەی ئەم دواییەی دا بۆ بەغدا، جەختیشی لەوە کردەوە کە لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکانی عێراق و  کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵک و دۆخی ژینگەیەو هاوکات پشتیوانیی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ عێراق و هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان قەیرانی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا و کاردانەوەکانیان لەسەر ژیانی گشتی دووپات کردەوە.

سەرپەیڤ