ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق پەسەند کرا
لە میانی دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ئەنجامدرا، دەنگ لەسەر ھەشت ماددەی دیکەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان درا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئانادۆلۆ بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، رۆژی دووی ئەم مانگە لە میانی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە کۆی ١٥ ماددەی پێشنیارەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، حەوت ماددە پەسەند کرا .
فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر ھەشت ماددەی دیکەی پێشنیارەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامدرا.
راشیگەیاندووە کە لە میانی دانیشتنەکەدا، ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لە ١٥ ماددە پێکھاتووە، پەسەند کراوە.
باسی لەوەیش کردووە کە ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بە ئامانجی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی ئازاد، پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لە ھەرێمێکدا رێکنەخراون، پەسەند کراوە.
گرنگترین ئەو ماددانەی کە لە ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسەند کراون، ئەوەیە کە ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە کە ٣٢٩ کورسین و ژمارەی کۆتای پێکھاتەکانیش گۆڕانکاریان تیایدا کراوە کە نۆ کورسییە و بەم شێوەیەن "کورسییەکانی پێکھاتەی مەسیحی دەبن بە پێنج کورسی و بەسەر پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، کەرکووک، دھۆک و ھەولێر دابەش کراون، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی ئێزدی لە پارێزگای نەینەوا، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی سابیئەی مەندائی لە پارێزگای بەغدا، ھەروەھا یەک کورسی بۆ پێکھاتەی شەبەک لە پارێزگای نەینەوا و یەک کورسیش بۆ کوردانی فەیلی لە پارێزگای واسیت.
ھەروەھا بەپێی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەراندا دەکرێت و پشت بە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ دەبەسترێت و ژمارەیەک گۆڕانکاریی دیکەیش لە کەرکووک دەکرێت.
دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٣دا ئەنجامدرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩دا، بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان سڕ کرا.