ئادار 29, 2023 16:30 Asia/Tehran
  • کۆتایی هاتنی قەیرانێکی دیپلۆماسی سنووردار لە نێوان عێراق و بەحرەین

دوابەدوای بانگهێشتکرانی بەرپرسی کاروباری عێراق لە مەنامە بۆ وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین، وەزیرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کۆتاییان بە قەیرانی دیپلۆماسیی سنووردار هێنا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی «واع»، وەزیری دەرەوەی عێراق «فۆئاد حسێن»و هاوتا بەحرەینییەکەی «عەبدولەتیف ئەلزیانی» ئەمڕۆ (چوارشەممە ٢٩ی مارس) لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جەختیان لە قوڵایی پەیوەندیی مێژوویی و برایانەی نێوان دوو وڵات کردەوە لە چوارچێوەی ڕێزگرتنی یەکتر و لێکتێگەییشتنی هاوبەش لە هەموو ئاستەکانداو کۆتایییان بەو قەیرانە دیپلۆماسییە هێنا کە لە نێوان مەنامە و بەغدا دروست بووبوو.

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای ئەوە ئەنجامی گرت کە بەحرەین ڕۆژی ڕابردوو «موئەیید عومەر عەبدولڕەحمان» بەرپرسی کاروباری عێراق لە مەنامەی بانگهێشت کرد و لە بەر «پێشێلکردنی بەردەوامی دابی دیپلۆماسی» یاداشتێکی ناڕەزایی فەرمیی دایە.

هەرچەندە ناوەڕۆکی پێشێلکارییەکانی ئەو بەرپرسەی عێراق ڕوون نییە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین ڕایگەیاندووە کە ئەوەی کردوویەتی نموونەی «دەستوەردانێکی قبوڵنەکراوە لە کاروباری ناوخۆی شانشینی بەحرەین و پێچەوانەی ئەو بنەمایانەیە کە وەک پەیوەندیی نێوان وڵاتان لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باسی کراوە».

ئەم «قەیرانە دیپلۆماسییە سنووردارە»ش بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ هاوتا بەحرەینییەکەی کۆتایی هات.

جێگای ئاماژەیە کە دوابەدوای بانگهێشتکرانی بەرپرسی کاروباری عێراق لە مەنامە، وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەش ھەر ئەو بەرپرسەی خۆی بانگی وەزارەتی دەرەوە لە بەغدا کردووەو ڕایگەیاندووە کە ئەم کارە بە مەبەستی باشترکردنی پێگەی دیپلۆماسیەتی عێراق ئەنجام دراوە.

سەرپەیڤ