نیسان 09, 2023 07:54 Asia/Tehran
  • جەختکردنەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و گەندەڵی و تیرۆر

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاماژەدان بەوەی کە خەباتی دژی گەندەڵی هێڵی سووری بۆ نییە، وتیشی: دەبێ لە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و گەندەڵی و تیرۆرەوە ئەمەگداریی خۆمان بەرامبەر بە خوێنی کوژراوان نیشان بدەین.

بەپێی ڕاپۆرتی پێگەی هەواڵدەریی ئەلمەعلومە، «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕێوڕەسمی چل و دووھەمین ساڵەی دامەزرانی ڕێکخراوی بەدر لە بەغدا ڕایگەیاند، هیچ هێڵێکی سوور لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا بوونی نییە و حکومەتی عێراق کار لەسەر چاکسازیی بنچینەیی و ڕیشەیی لە ئابووری دا دەکات.

«سودانی» بە ئاماژەدان بەوەی کە عێراق درێغی ناکات لە بەردەوامبوون و بەدواداچوونی پلانەکانی بۆ بازدانێکی ناوازە و مامەڵەکردنی لێبڕاوانە لەگەڵ قەیرانەکان، ڕوونیشی کردەوە کە ھەڵوێستی حکومەت جیانییە لەخەباتی پیاوانی خۆڕاگری بۆ پێکهێنانی عێراقی ھێزمەند،سەربەخۆو سەقامگیر و ئاوەدان.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاماژە بە ڕێککەوتنی نەوتیی نێوان بەغدا و هەولێر ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگەنە ڕێککەوتنی نەوتی.

«سودانی» دووپاتی کردەوە کە حکومەت توانیویەتی بناغەی گەندەڵی لە عێراق خاشەبڕ کات و بەرەو دامەزراندنی سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و گاز لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەنگاو ھەڵگرێت.

سەرپەیڤ