ته‌مووز 04, 2023 15:18 Asia/Tehran
  • وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان: عێراق بە قورسترین قۆناغی وشکەساڵی تێدەپەڕێت

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، بۆ چوارەمین ساڵ لەسەر یەک عێراق بە قورسترین قۆناغی وشکەساڵی تێدەپەڕێت، ئاماژەی ئەرێنیش ھەیە لەلایەن تورکیاوە بۆ چارەسەرکردنی رەوشەکە

عەون زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە رۆژنامەی “سەباح”ی راگەیاند، بەھۆی کەمبوونەوەی پشکی ئاو و دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی لەسەر ھەردوو روباری دیجلە و فورات و کەمبوونەوەی کۆگاکانی ئاو، عێراق بە قورسترین قۆناغی وشکەساڵی تێدەپەڕێت، ئەوەش چوارەمین ساڵە لەسەر یەک کە روبەڕووی ئەو رەوشە دەبێتەوە، بەوھۆیەشەوە چاندنی ھەندێک لەو بەرھەمانەی ئاوی زۆریان دەوێت، سنوردار کردووە.

وتیشی، وەزارەتەکەیان ھەوڵی جدی دەدات بۆ دابینکردنی ئاو بۆ ھاوڵاتیان و کەرتی پیشەسازی و تەندروستی و ژینگەیی.

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دڵنیاییشیدا لە بوونی چەند ئاماژەیەکی ئەرێنی لەگەڵ تورکیا، بۆ کاراکردنی خاڵەکانی ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوانیاندا ھەیە، لە گرنگترینیان پلانی کارکردن بۆ بەنداو و کۆگاکانی ئاو.

ئەوەشی خستەڕوو ھەروەھا ئاماژەی ئەرێنی ھەیە بۆ زیادکردنی پشکی ئاوی روبارەکانی دیجلە و فورات لە ھاوینی ئەمساڵدا

 

سەرپەیڤ