ئاب 13, 2023 16:21 Asia/Tehran
  • پەرلەمانتارێکی عێراق: پێویستە عێراق کارتی ئابووری دژی تورکیا بەکاربهێنێت

کازم توکی پەرلەمانتارێکی عێراق ڕەخنە لە هەڵوێستی حکومەت دەگرێت بەرامبەر پرسی پشکی ئاوی عێراق لە تورکیا، دەشڵێت، هەموو وڵاتانی جیهان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان کارتی ئابووری وەک فشار بەکار دەهێنن، بۆیە پێویستە عێراقیش ئەو ڕێگایە بگرێتە بەر.

ڕۆژی شەممە، کازم توکی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا ناوخۆییەکان ئاماژەی بەوەکرد ئەگەر دەوڵەتی تورک ئاو وەک چەکێک بەکاردەهێنیت، پێویستە حکومەتی عێراق بە کارتی ئابووری وەڵامی بداتەوە و فشار دروست بکات.

کازم توکی دەڵێت، چیتر جەنگەکان سەربازی نین، بەڵکو گۆڕاوە بۆ شەڕێکی ئابووری بە بڕینی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی وڵاتەکە پێویستی پێیەتی لەگەڵ وڵاتانی دیکە، بۆیە پێویستە عێراقیش بەکارهێنانی کارتی ئابووری دژی تورکیا بگرێتە بەر بۆ ئەوەی پشکی ئاوەکەی بەربداتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، نەگەیشتنی عێراق بۆ قۆناغی سەقامگیری سیاسی بەهۆی چەند هۆکارێکەوەیە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان گرتنەوەی پشکی ئاوی عێراقە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، هەروەها ڕەخنەی لە هەڵوێستی حکومەت گرت، سەبارەت بە بەکارنەهێنانی کارتی ئابووری دژی تورکیا.

ڕوونیشی کردەوە، دەبێت حکومەت فشار بخاتە سەر تورکیا، چونکە لە ئێستادا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا گەیشتووەتە ڕێژەیەکی زۆر، دەشڵێت، هەموو وڵاتانی جیهان ئەو کارتە ئابوورییەی هەیانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەکاردەهێنن، بۆیە پێویستە عێراقیش ئەو ڕێگایە بگرێتە بەر.

جەختیشی کردەوە، تا ئەمساتە هەوڵ و ئەدای حکومەت نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست بۆ ملکەچکردنی تورکیا بە مەبەستی بەردانەوەی پشکی ئاوەکەی، ئێستا بە شێوەیەکی فراوان قەیرانی ئاو کاریگەری لەسەر هاوڵاتیانی عێراق هەیە.

دەوڵەتی تورکیا ئاوی ڕووباری دیجلە لە ڕێگەی بەنداوی ئیلیسۆوە دەگرێتەوە، لە کاتێکدا ئاوی ڕووباری فورات لە ڕێگەی بەنداوی ئەتاتورکەوە دەگرێتەوە، دەوڵەتی تورک ماوەی پێنج ساڵە پشکی  ئاوی سووریا و عێراق بە ڕێژەی ٦٠٪ بۆ ٧٠% لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات دەدزێت، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس دروستکردووە.

 

 

 

سەرپەیڤ