وەزیری ناوخۆی ئێران گەیشتە بەغدا
ئاب 30, 2023 18:16 Asia/Tehran
وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەردانێک گەیشتە شاری بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێی چەند دۆسیەیەک دەکەن.
نووسینگەی وەزیری ناوخۆی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوێنێ عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا پێشوازیی لە ئەحمەد وەحیدی هاوتا ئێرانییەکەی و شاندی یاوەری کرد.
ئەوەش هاتووە، وەزیری ناوخۆی ئێران و شاندی یاوەری لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسیە کە جێگەی بایەخی هەردوولان.
سەردانی وەزیری ناوخۆی ئێران لەکاتێکدایە ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەگەڵ عێراق رێککەوتووین لەسەر چەکداماڵینی گرووپە تێڕۆریستییەکانی کوردستانی عێراق و داخستنی بارەگا سەربازییەکانیان."