ئه‌یلوول 01, 2023 13:01 Asia/Tehran
  • بەهۆی گرتنەوەی ئاو لەلایەن توركیاوە دانیشتوانی بابل پەنا دەبەنە بەر هەڵكەندنی بیر

بەهۆی گرتنەوەی پشكی ئاوی عێراق لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ، دانیشتوانی پارێزگای بابل پەنایان بردووەتە بەر هەڵكەندنی بیر، بەڵام دوای هەڵكەندنی ٢٠ مەتر زەوی هیچ ئاوی تێدا نیە.

تایر مەخەیف، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە وشكبوونی خاكی عێراق، بەهۆی گرتنەوەی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

تایر مەخەیف، ڕاگەیاند، زۆرێك لە ناوچە دوورە دەستەكانی پارێزگای بابل كە دوورن لە ناوەندی شارەوە، دوای ئەوەی ڕووبارەكان و لقەكانیان وشك بوون، بەدەست تینوێتییەكی زۆرەوە دەناڵێنن، دەشڵێت، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش گرنگییان بە داواكارییەكانی هاوڵاتیان نەدا.

ئاماژەی بەوەش كرد، خەڵك پەنای بردوەتە بەر  هەڵكەندنی بیر، دوای ئەوەی مەودای هەڵكەندن گەیشتە ٢٠ مەتر بەڵام هیچ سوودی نییە و ئاوی تێدا نییە، پێشتر ئەو ناوچانە بە هەڵكەندنی پێنج مەتر ئاو هەبوو.

ڕوونیشی كردەوە، ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە سەر ڕووباری فورات و لقەكانی زۆر پێویستیان بە دەستێوەردانی بەپەلە و زیادبوونی ڕێژەی ئاو هەیە، بۆیە ئەم قەیرانە پێویستی بە چارەسەری خێرا و بڕیاری یەكلاكەرەوە هەیە لەلایەن حكومەتەوە  بۆ دەستەبەركردنی ئاو و چارەسەر كردنی ئەو دۆسییە لەگەڵ  توركیایە.

بەهۆی درووستكردنی دەیان بەنداو لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ، عێراق دووچاری وشكەساڵیی و كەمئاوییەكی سەخت بووەتەوە و كاریگەرییەكانی تەنگی بە هاوڵاتییانی عێراق هەڵچنیووە.

 

 

 

سەرپەیڤ