حەشدی شەعبی: هیچ گومانێکمان نییە لە پێویست بوونی بەرگریکردن لە عێراق
ڕێکخراوی بەسیجی جەماوەریی عێراق (حەشدی شەعبی) لە کاردانەوە بە پەلاماری جەنایەتکارانەی ئەمریکا بۆ سەر بنکەیەکی ئەم ڕێکخراوەیە لە ناوچەی جۆرفونەسر ( جرف النصر) ڕایگەیاند ، بەرگری کردن لە عێراق تەنیا یەک چرکەساتیش دواناخەین.
ڕێکخراوی بەسیجی جەماوەریی عێراق (حەشدی شەعبی) لە بەیاننامەیەکدا بە شەرمەزار کردنی ئەم پەلامارە، ئەوەی بە دەسدرێژی کرانە سەر مافی سەروەریی عێراق زانی و جەختی کرد کە حەشدی شەعبی بەشێکە لە دام و دەزگەی سەربازی و بەرەڤانیی عێراق کە لە ژێر فەرمانی فەرماندەری گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە و بێ گومان لە پێناو بەرگری کردن لە مافی سەروەریی عێراق هەموو ئەرک و ئەستۆگرییەکی بەجێ دێنێ.
هەر لەم پێوەندییەدا "هادی العامری" سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتحی عێراق بە دەرکردنی پەیامێک پەلاماری ئەمریکا بۆ سەر بنکەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە نزیکی جۆرفونەسر ( جرف النصر)ی بە تووندی ئیدانە کرد و وتیشی: ئەم کردەوە ترسنۆکانەیە بنپێکردنی ئاشکرای مافی سەروەریی نیشتمانیی عێراق و پەلامارێکی ڕقلەدڵانەیە بۆ سەر شەرەف و کەرامەتی عێراقییەکان.
شایانی باسە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەژمارێک لە بنکەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی جۆرفونەسری پارێزگای بابل وەبەر پەلاماری ئەمریکا کەوتن کە ئەو پەلامارانە شەهید بوونی هەشت خەباتکار و بریندار بوونی چوار کەسی دیکەیان لێکەوتەوە.