تشرینی دووه‌م 23, 2023 18:20 Asia/Tehran

سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق وێڕای ئیدانەکردنی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم هێرشە بەبێ ئاگادار کردنەوەی حکومەتی عێراق ئەنجامدراوە و ئەمریکا دەبێ ڕێز لە سەروەریی ئەم وڵاتە بگرێت.

«عەبدوللـەتیف ڕەشید» لە کاردانەوە بەم ھێرشەی ئەمریکا ڕایگەیاند: لە کاتێکدا کە بەرپرسان و لایەنەکانی حکومەتی عێراق هەوڵی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری دەدەن، کردەوەیەکی گرژی چێکەری لەو شێوەیە جێگەی قبوڵ نییە و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق دێتە ئەژمارو دەتوانێت ببێتە هۆی نائەمنی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.

سەرۆک کۆماری عێراق بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە بڕیارە ئەمنییەکانی عێراق بڕیارێکی حکومییەو بەشێکە لە دەسەڵاتەکانی حکومەتی ئەم وڵاتە، وتیشی: هەڵسوکەوتی تاک لایەنە لە ڕێگەی ئەو چالاکیانەی کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی وڵاتدا یەک ناگرنەوە،ڕێگە پێدراو نییە.

"محەمەد شیاع سودانی"، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئەم هێرشە بەبێ ئاگادار کردنەوەی حکومەتی عێراق ئەنجامدراوە و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق دێتە ئەژمار.

سودانی لەم بەیاننامەیەدا ئەو کارەی داگیرکەرانی ئەمریکیی بە هەوڵ دانێک لە ئاراستەی تێکدانی دۆخی ئەمنیی عێراق زانی و جەختی کرد: حکومەتی عێراق جێبەجێکاری یاساکانە و ئەو لایەنەیە کە دەبێت سەرپێچیکاران دادگایی بکات و هیچ وڵاتێکی بیانی بۆی نییە کارێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات.

سەرپەیڤ