شوبات 09, 2024 09:00 Asia/Tehran

شێخ قەیس خەزعەلی سکرتێری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەقی عێراق شەوی ڕابردوو دژکردەوەی نیشان دا بە پەلامارە تیرۆریستیەکەی ئەمریکا لە بەغداو ڕایگەیاند کە بەردەوامی پەلامارەکانی ئەمریکا بۆسەر عێراق پێشیلی سەروەری خاکی ئەو وڵاتەیە.

شێخ قەیس خەزعەلی سکرتێری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەقی عێراق شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند کە پەلامارەکانی ئەمریکا سەرەڕای هەنگاوە ئەرێنیەکانی حکومەتی عێراق و بەڵێن بۆ هێورکردنەوەی گروپەکانی خۆڕاگری هەروا بەردەوامەو ئەو پەلامارانە پێشیلکاری سەروەری خاکی عێراق و بەڵگەیەکن لەسەر سووکایەتی و بێ ڕێزی بە گەل و حکومەتی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە.

سکرتێری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەقی عێراق پێداگری کرد کە پێویستە وڵاتەکەی داواکاریەکی فەرمی بۆ وەدەرنانی هێزەکانی ئەمریکایی بەخێرایی لە عێراق بداتە ئەنجوومەنی ئاسایش.

کەناڵی هەواڵدەری سابرین نیوزیش سەرلەبەیانی ئەمڕۆ وردەکاری پەلامارە خۆفڕیەکەی شەوی ڕابردووی سەر بەغدای بڵاو کردەوە ڕایگەیاند کە ئەو پەلامارە لە بنکەی عەین ئەسەدەوە بەڕیوە چوە.

ئەرتەشی ئەمریکاش لە ڕاگەیاندراوێک دا بەرپرسایەتی ئەو پەلامارەی بەئەستۆ گرت و میدیا عێراقیەکانیش ڕایانگەیاند کە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دژی ئەمریکایی لە شوێنی ئەو پەلامارە بەڕیوە دەچی.

ڕاپۆرتەکان ڕادەگەیەنن کە ئەبووباقر ساعیدی یەکێک لە فەرماندەرانی حەشدی شەعبی لەئاکامی ئەو پەلامارەدا شەهید بوە.

سەرپەیڤ