شوبات 21, 2024 15:00 Asia/Tehran

سەرۆکی لیژنەی کارگێڕیی یەکێک لە بزووتنەوە جەماوەرییەکانی عێراق ڕایگەیاند کە ئەمریکا هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی لە عێراقدا بمێنێتەوە.

«حسین الکرعاوی» سەرۆکی لیژنەی کارگێڕیی یەکێک لە بزووتنەوە جەماوەرییەکانی عێراق ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئێمە بەگومانین لە نیاز و مەبەستی ئەمریکا سەبارەت بە چوونەدەری لە عێراق. ناوبراو وتیشی: ئەمریکا هەرگیز هێزەکانی لە عێراق ناباتە دەرەوە مەگین ئەوەی کە بەرەوڕووی هێزەکانی خۆڕاگری و هەڵمەتەکانیان دژ بە بنکە و بارەگاکانی ببێتەوە.

کەرعاوی وتیشی: گرووپەکانی خۆڕاگری باش ئاگادارن لە نیاز و ئامانجی ئەمریکاییەکان، بەڵام ئێستا هەموو سەرنجیان خستۆتە سەر حکومەت و دانوستانی نێوان بەغدا و لایەنی ئەمریکایی.

«محمد الصیهود» نوێنەرێکی پەرلەمانی عێراقیش راشکاوانە رایگەیاند: هەموو دەورگێرانی سەرەکی لە گۆرەپانی سیاسەتی عێراق تەبا و یەکدەنگن لە سەر چوونەدەری هێزی ئەمریکایی لە خاکی عێراق. ناوبراو وتیشی: ئێستا ئیتر پشتیوانی وڵاتانی جیهان لە هاتنەدیی سەربەخۆیی تۆکمە و تەواوی عێراق بۆ هەموان ئاشکرا بووە. سەهیوود وتیشی: هێزی ئاسایشی و هێزەکانی حەشدی شعبی عێراق گەیشتوونەیە ئاستێکی بانتری توانا و لێهاتووییەوە و بە ئیمکاناتی خۆیان دەتوانن ئاسایش و پاوەجێی وڵات بپارێزن. ئەم نوێنەرەی پەرلەمانی عێراق وتیشی: کۆتایی ئەمساڵەی زایینی ئێمە چوونەدەری هێزی سەربازیی بیانی بە پێی خشتەی زەمەنیی دیاریکراو بە چاوی خۆمان دەبینین.

پێشتر «علی الزبیدی» ئەندامی هاوپەیمانیی فەتحی عێراق وتبووی کە ئەمریکا بەم هاسانییە خاکی عێراق بەجێناهێڵێ، لەبەر ئەوەی کە چاوی تەماحی بڕیوەتە ئەم وڵاتە لەبەر پێگەی ستراتژیک و سەرچاوە سرووشتییەکانی. ناوبراو جەختیشی کردبوو لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا لە ڕێگای درێژخایەن کردنی ماوەی مانەوەی هێزەکانی لە عێراق، لەراستیدا لە دووی هێنانەدیی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی. 

سەرپەیڤ