عێراق ساڵانە 50 ملیار دینار بۆ ئاوەدانكردنەوەی شەنگال تەرخاندەكات
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، پلانێكی نوێ دانراوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شەنگال، دەشتی نەینەوا و چەند ناوچەیەكی ناو پارێزگاكە بە بودجەیەكی ساڵانەی 50 ملیار دیناری بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكراوە.
محەمەد عارف شەبەکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، ناوچەکانی دەشتی نەینەوا و شنگال كە لە دوای ساڵی 2014 بەهۆی تیرۆرەوە کەوتە بەر شاڵاوێكی وێرانکاریی بەرفراوان، ئەوەش پێویستی بە نەخشەڕێگایەک هەبو بۆ ئاوەدانکردنەوەیان و گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەبوەکان بۆ ناوچانەكانی خۆیان.ئاماژەی بەوەشکرد، پلانێکی نوێی ئاوەدانکردنەوە هەیە کە لەڕێگەی سندوقی ئاوەدانکردنەوە بۆ دەشتی نەینەوا و شنگالەوە دەستیپێکردوە و بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت كە هەر ساڵێک 50 ملیار دینار تەرخانکراوە، تێیدا خزمەتگوزاریەكان بنیاد دەنرێنەوە كە ئەوەش پاڵنەرێكی بەهێز دەبێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان.باسی لەوەشكرد، "ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە بەهۆی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە زیانیان بەرکەوتوە، پەیامێکی ئەرێنییە کە هیوا دەبەخشێت بە تێپەڕاندنی قۆناغێکی سەخت کە ساڵانێکە ئەو ناوچانە پێیدا تێپەڕیون".