وەزیری ناوخۆی عێراق: سنوورمان لەگەڵ سوریا ئێستایش داخراوە
وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند: عێراق تا ئێستا هیچ هەواهەنگییەکی ئەمنی و ئاسایشی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سوریا نەبووە.
عەبدولئەمیر ئەشەمەری ڕاشیگەیاند: سنووری نێوان عێراق و سوریا ئێستایش داخراوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشێک لە سنوورەکانی سوریایان لە کۆنترۆڵدایە و ناوچەکانی نزیک دەروازەی سنووری ئەلقائیمیش هیچ هێزێکی سوریای تێدا نییە وعێراقیش لە هەمبەردا هێزەکانی زیاد کردووە. ئەشەمەری هەروەها ڕایگەیاندووە، داوای هیچ گەرەنتییەکی ئەمنی لە عێراق نەکراوە بۆ بەشداریی جۆلانی، سەرۆکی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا لە کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەب کە بڕیارە لە بەغدا بەڕێوەبچێت. وەزیری ناوخۆی عێراق سەبارەت بە دۆخی سنوورەکانی نێوان عێراق و ئێرانیش، ڕایگەیاند: پارتە کوردییەکانی دژبەری ئێران لە سنوورەکان کشاونەتەوە، هێزەکانی سنوورپارێزیش پێگەکانی هێزەکانی دژەئێرانیان لە سنووری لەگەڵ ئێران لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵدایە.