فوئاد حوسێن: لەبارەی داهاتی نانەوتی بەرەوپێشچوون هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا
وەزیری دەرەوەی عێراق بە ئاماژە بەوەی کە دانوستاندن لەنێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی داهاتی نانەوتی چووەتە پێش، وتیشی: "هیوادارین ئەو لیژنانەى نێوانیان کارەکانیان تاوەکو دووشەممە تەواو بکەن.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر وتی: "ئەوەی پەیوەندی بە داهاتی نانەوتییەوە هەیە زۆر چووەتە پێشەوە. بە تێڕوانینی من لەم رۆژانەدا دەگەنە لێکتێگەیشتن.
فوئاد حوسێن لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ وزە بە رۆژنامەڤانانی گوت: هیوادارین ئەو لیژنانە کارەکانیان تاوەکو دووشەممە تەواو بکەن بۆ ئەوەی تاوەکو سێشەممە ئەو راپۆرتانەی پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێن ئەرێنی بن و لەژێر رۆشنایی ئەوەش بڕیار بدرێ.شایانی باسە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی یەکێک لە مەرجەکانی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە کە تاوەکو ئێستا بەغدا و هەولێر لەسەر بڕی داهاتە رادەستکراوەکە نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.