دوو بڕیار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا رەشنووسی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان رەوانەی ئەنجوومەنی راوێژکاری بکرێت و ئەگەر تێبینییان نەبێت، کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوت کۆتایی پێدێت.
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەیدا بڕیاریدا لەسەر ئەوەی کە بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیل نەوت لە بری پێدانی 16 دۆلار، نەوت بداتە کۆمپانیا نەوتییەکان.
کۆمپانیاى سۆمۆیش رایگەیاندووە: حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمى کوردستان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت پێویستیان بە تەواوکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسای بودجە هەیە و لەم بارەیەوە گەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی باش، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی کە رێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەى نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بدات.
شایانی باسە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی بەغدا بۆ بەردەوامیی ناردنی مووچە، رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە کە بڕەکەی 230 هەزار بەرمیلە.
لە ساڵى 2023 ـوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەرێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە کە رۆژانە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل بوو، راگیراوە.