تشرینی یه‌که‌م 18, 2025 18:16 Asia/Tehran
  • سیاسەتوانێکی عێراقی: دەستوەردانی واشنتۆن و ئەنقەرە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا هەڕەشە لە یەکێتی و سەقامی سیاسیی وڵات دەکات

سیاسەتوانێکی عێراقی ئاشکرای دەکات، ئەمریکا و تورکیا بە نهێنی دەستوەردان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق دەکەن و بە دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی سوریان لە عێراقدا.

عەبدوسەتار ئەحمەد دولەیمی، ئەندامی هاوپەیمانی ئەنبار ئاشکرایکرد، ئەمریکا و تورکیا بەنهێنی هەوڵدەدەن بۆچوون و روانگەی لایەنە سیاسییە ڕکابەرەکانی سوننە لە هەڵبژاردنەکانی عێراق لێک نزیک بکەنەوە و لەو ڕووەوە نوێنەرانی ئەنقەرە و واشنتۆن هەنگاویان ناوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ناو کەمپی سوننە، بەتایبەتی لەنێوان محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم ، موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سەیادە، هەروەها لایەنەکانی دژبەری حەلبوسی. ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە باسی لەوەشکرد، ئەم کارانەی تورک و ئەمریکییەکان بەشێکە لە هەوڵدان بۆکەڵکی نابەجێ وەرگرتن لە پارت و لایەنە سوننەکان وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر حکومەتی ناوەندیی عێراق، بە بیانووی پشتیوانیکردنی هێزە پەراوێزخراوەکان یان چەوساوەکانی ئەو وڵاتە.

عەبدوسەتار دولەیمی جەختی لەوە کردەوە: ئامانجی ڕاستەقینەی ئەمریکا و تورکیا لە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، بەدەستهێنانی دەستکەوتی ستراتیژییە لە ناوچەکەدا.  ناوبراو هۆشداریشیدا لەوەی ئەم کارانە دەکرێت لێکەوتەی نەرێنی بۆ یەکڕیزی و سەقامگیری سیاسی و ئەمنی عێراق بەدوادابێت.

هاوکات کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دابەشکردنی زیاتر لە ملیۆنێک و 250 هەزار کارتی بایۆمەتری دەنگدانی  لەناو دەنگدەراندای ڕاگەیاند و سەرچاوە عێراقییەکانیش ڕایانگەیاند کە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی عێراق لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا مەشقی سەربازییان ئەنجامداوە بەمەبەستی ئامادەکردنی زیاتری خۆیان لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا.

نازم دەباغ، نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە تارانیش ڕایگەیاند، حیزب و گروپە کوردییەکان ئامادەبوونێکی بەرچاویان دەبێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا چونکە بە ئامادەبوون و بەشداریی بەهێز لە هەڵبژاردنەکاندا، دەتوانن پرسە یاساییەکانیان لە پەرلەمان بێننە ئاراوە  و پەسەندی بکەن و جێبەجێیان بکەن. ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بە تیرۆرکرانی کاندیدێکی هەڵبژاردن لە باکووری بەغدا لە هەفتەی ڕابردوودا وتی: کاتێک ناکۆکیەکان دەبێتە هۆی تیرۆر، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدرێت.

سەرپەیڤ