کانونی یه‌که‌م 31, 2015 12:14 Asia/Tehran
  • دوو مامۆستای کوردستانی چوونه‌ ڕیزی مامۆستایانی فیداکاری ئێران

دوو مامۆستای کوردستانی لە نێوان ١٣ مامۆستای فیداکاری وڵاتی ئێران جێیان گرتووه‌.

١٣ مامۆستای هەڵبژێردراوی دوویەمین فیستیڤاڵی سیماکانی مامۆستایەتی وەکوو مامۆستایانی فیداکار بە بەشداریی وەزیری پەروەردە و فێرکردن لە ناوه‌ندی پەروەردەی بیری منداڵان رێزیان لێگیرا کە دوو ژنه‌ مامۆستای کوردستانیش له‌ ڕیزی ئه‌و مامۆستایانه‌دا بوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوویەمین فێستیڤاڵی سیماکانی مامۆستایەتی رۆژی دووشەممە حەوتی مانگی بەفرانبار بە بەشداری عەلی ئەسغەر فانی، وەزیری پەروەردە و فێر کردن لە تەلاری ناوه‌ندی پەروەردەی بیری منداڵان و تازه‌لاوان بەڕێوەچوو و رێز لەو مامۆستایانە گیردرا کە خوڵقێنەری سیماکانی لەخۆبوردەیی و فیداکاری بوون.

یەکەمین هەڵبژێردراوی فێستیڤاڵی سیماکانی مامۆستایەتی سورەیا مۆتەهەر نیا لە پارێزگای کوردستان بوو، ئەو مامۆستایه‌ دۆزینەوە و پشتگیری لە ٩٠ قوتابی و دابین کردنی تێچووی دەواو دەرمانی ئەوان، دۆزینەوەی ٢٢٠ قوتابی کەم داهات و ٦٠ جار پێدانی یارمەتی بۆ تێچووەکانیان، بەدواداچوون بۆ ٤٢ نەشتەرگەری سەروو پسپۆڕی بۆ قوتابیان تا ئەنجامدانی تەواوی دەوا و دەرمانیان و خستنە ژێر چەتری پشتیوانی منداڵانی ئاتاجی پارێزگای کوردستان و پاڵپشتی کردن لەو قوتابیانە کە تووشی نەخۆشی دەگمەن هاتوون لە کارنامەی خۆیدا هه‌بوو.

شەوبۆ یوسفی لە پارێزگای کوردستان کە بەهۆی نەخۆشیەوە لەم فێستیڤاڵەدا بەشداری نەکردبوو، کەسی دوازده‌یه‌می هەڵبژێردراوی ئەم فێستیڤاڵە بوو، کە رزگار کردنی قوتابیان لە کاتی ئاگر کەوتنەوە، دابین کردنی پەرتووک، کەلوپەلی قوتابخانە، جلوبه‌رگ، چاویلکە و دابین کردنی نانی به‌یانی بۆ منداڵانی کەم داهات، یارمەتیدانی قوتابیانی خاوه‌ن نه‌خۆشیی تایبه‌ت بۆ درێژەدان بە خوێندن، یارمەتیدانی ‌حه‌وانگه‌کانی سه‌ر به‌ قوتابخانه‌کان، راکێشانی قوتابیانی گوندەکانی دەوروبەر بۆ درێژەدان بە خوێندن و پاڵپشتی کردن لە قوتابیانی هەتیو و بێ سەرپەرەشت بەشێک لە خزمه‌ته‌کانی ئەو مامۆستا فیداکاره‌ پیکدەهێنن.

ساڵی رابردووش دوو مامۆستای کوردستان له‌ ڕیزی ئه‌و ١١ مامۆستایە بوون کە وەکوو مامۆستای فیداکار هەڵبژێردران و لە یەکەمین فێستیڤاڵی سیماکانی مامۆستایەتی دەسخۆشیان لێکرا و خەڵاتیان پێ به‌خشرا.

لەو فێستیڤاڵیدا سوره‌یا مۆتەهەرنیا مامۆستای کوردستانی کە بۆ دەواو دەرمان کردنی قوتابیە نەخۆشەکەی هەر مانگ لەگەڵ ئەودا ده‌چووە تاران و تا کۆتایی چارەسەرییەکەی لە نەخۆشخانەدا ده‌مایه‌وه‌ و هەروەها بەدواداچوونی بۆ چارەسەریی نەخۆشی ١٥ قوتابی نەخۆشی دیکە دەکات لەگەڵ محەمەد عەلی محەمەدیان مامۆستایەکی دیکەی خەڵکی کوردستان کە بۆ دەربڕینی هاوخەمی خۆی بۆ قوتابیەکەی سەری خۆی تاشی رێزیان لێگیرا.

سەرپەیڤ