ته‌مووز 02, 2018 09:11 Asia/Tehran
  • موندیاڵی ٢٠١٨ی ڕووسیا، دەرپەڕاندنی گابەزێنەکان لە مەیدانی سووری مۆسکۆ، ئەسپانیاش چووە ڕیزی دێوزمە دۆڕاوەکانەوە

ململانێی تیمە نیشتیمانییەکانی تۆپی پێی ئەسپانیاو ڕووسیا لە قۆناغی پێش کۆتایی بیست و یەکەمین خولی کێبەرکێکانی موندیاڵ، بە وەپێش کەوتنی گروپی میواندار لە ئەنجامی وەشاندنی پێناڵتی، پاڵەوانێکی دیکە لە گۆڕەپانی یارییەکان دەرپەڕێندرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی میھر، ململانێی تیمە نیشتیمانییەکانی تۆپی پێی ئەسپانیاو ڕووسیا لە کاتژمێر ١٨:٣٠ ی ڕۆژی یەکشەممە لە قۆناغی پێش کۆتایی موندیاڵی ٢٠١٨ لە یاریگای (لۆژنیکی)ی ڕووسیا بەرپا کرا کە یارییەکە ئەنجامەکەی دوای نەوەد خولەک ڕاکردن ھاوتەریب بوونی ھەردووک تیمەکەی لێ کەوتەوە. ھەردووک تیمەکە تەنانەت لە دەرفەتی ڕەخساوەش دا ھیچیان بە ھیچ نەکردو لە ئەنجام دا چارەنووس کەوتە دەست وەشاندنی پێناڵتی.

لە وەشاندنی پێناڵتییەکاندا ڕووسیا بە دوو جاربەرپەرچ دانەوەی پێناڵتی لە لایەن گۆڵپارێزەکەیەوە بە دەرەنجامی چوار-سێ ھەرەسی بە ئەسپانیا ھێنا، ھەتا وای لێھات کە لە پاش ئەرژەنتین و پۆرتۆگال و ئاڵمانیا، ئەم تیمەش لە خولی کێبەرکێکان وەلا نرا.

شاگردەکانی (فڕناندۆ ھیە رۆ) ھەر لە ھەمان دەستپێکی یارییەکەوە بوون بە خاوەنی ڕەھای تۆپەکەو وای لە میوانداری موندیاڵی ٢٠١٨ کرد کە بە بەرەڤانی و بەرپەرچ دانەوە بەسەندە بکات.

ھافبەکگەلی ئەسپانیا کە بست بە بستی زەوییەکەیان بۆ ڕەخساندنی ھەلی گۆڵ وەشاندن دەقۆستەوە، سەرەنجام لە خولەکی ئوانزەدا توانییان لە سەر دەستی ( سۆرخیۆ ڕاموس) و بە تەڵەوە بوونی ( ئیگناشۆڤیچ) یەکەم گۆڵ تۆمار بکەن. تەنانەت دوای ئەو گۆڵەش ھەر یاریزانانی ئەسپانیا بۆخۆیان خاوەن ماڵ بوون و نە تۆپ و نەمەیدانیان بە تیمی میواندار ڕەوا نەدەبینی. کەچی لەگەڵ ئەوەش دا ڕووسەکان سەرباری تێپەڕینی کات و سات ھیچیان لێ نەوەشایەوەو بۆ دەرمان ھەڵمەتێکیشیان لێ نەبیندرا. بەس لە خولەکی چل و دووی یارییەکەدا بوو کە قەزاھەن پێناڵتییەکیان بۆ ھەڵکەوت و نیوەی یەکەمی یارییەکەیان بە یەکسان گەیاندە کۆتایی.

لە نیوەی دووھەمی یارییەکەش دا( لاڕوخا) زۆربەی کات، تۆپ تەقێن ھەر بۆخۆی بوو، کە بەشکو بتوانێ لە ھەر لایەکەوە شاڵاو بەرێتە سەر دەروازەی ڕووسیا. ( فڕناندۆھیەرۆ) لە ناوەڕاستی نیوەی دووھەمی یارییەکەدا بوو کە (ئینیستا) شی ھێنایە مەیدانەوە ھەتا بە پاسە ڕێک و پێکەکانی سپاسی ھاومەتەرێزەکانی بۆ خۆی بکڕێ و  پتر تەنگ بە بەرگریکارانی ڕووسیا ھەڵچنێت. بەڵام وتوومەز  شوورەی پۆڵایینی بەرگریکارانی ڕووس وا دەکات کە ئەو تیمە نەتوانێ بە گۆڵی دووھەم تاسەی خۆی بشکێنێ. ڕووسەکان لە دواچرکەکانی یارییەکەدا بەتەما بوون ھەڵمەتی بەرپەرچ دەرانە بەکاربێنن و کەچی شاڵاوبەرانی تیمەکە ھێندە ئازا نەبوون خورپە لە دڵی ( دەخیا)ی گۆڵپارێزی ئەسپانیا ھەڵسێنن.

یارییەکە لە ھەتا خولەکی نەوەد خۆی کێش کردو بە ھەمان دەرەنجامی ھەردووک لا یەک کۆتایی پێ ھات و ئینجا چارەیان لەوەدا بینییەوە کە کاتێکی زیادەی بۆ تەرخان کەن. ھەردووک تیمەکە لە نیوەی دووھەم دا یاسای تازەی فیفا لە بارەی ڕێگەدان بە تیمەکان لە دەرفەتی ڕەخساوەدا بۆ ئاڵ و گۆڕی چوارەم فریایان کەوت و کەچی ئەمەشیان ھەر ھیچی نەبەخشی و دەرەنجامی یارییەکە وەک خۆی مایەوەو ھەر ئەمەش وای کرد کە چارەنووسی تیمی سەرکەوتوو سپێردرایە دەست پێناڵتی وەشێنەکان بۆ ئەوەی بزانن گەییشتن بە قۆناغی پێش کۆتایی لە چارەی کامەیان نووسراوە.

 

سەرپەیڤ