کۆمەڵە فۆتۆی "سەد پۆرترەی کورد" لە تاران پەردەی لە سەر لادرا
کۆمەڵە فۆتۆی "سەد پۆرترەی کورد" بەرهەمی هونەرمەندی فۆتۆگرافەری کورد "لوقمان ڕەحیمی" لە چوارچێوەی کتێبێک هەر بەو ناوه لە ڕۆژی پێنجشەممە 4ی ڕێبەندانی 97ی هەتاوی لە شاری تارانی پێتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەردەی لەسەر لادرا.
لە ڕێوڕەسمی تایبەت بەم ئاهەنگە کە بە هەوڵ و تێکۆشانی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران ساز درابوو، تاقمێک لە کەسایەتییە فەرهەنگی, هونەری و ئەدەبیەکانی کوردی دانیشتووی تاران و ژومارێک لە خەڵکی هونەردۆست بەشدارییان تێیدا کردبوو.
لەدەسپێکی ڕێوڕەسمەکەدا ئەندازیار جەماڵەددین تاها بەڕێوەبەری کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران وێڕای ئاماژەدان بە چالاکییەکانی ئەو کۆڕە، پاڵپشتی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تارانی لە بەرهەمە فەرهەنگی و هونەرییەکان ڕاگەیاند.
لە درێژەشدا بەڕێز مامۆستا دکتۆر قوتبەددین سادقی هونەرمەندی شانۆکار و مامۆستای زانکۆ، لەمەڕ گرینگایەتی و کاریگەری بەرهەمی "سەد پۆرترەی کورد" و هەستیارەتییەکانی خولقێنەری بەرهەمەکە بۆ ئامادە بووان دوا.
لە پاش وتاردانی دکتۆر سوڵتانی چالاکوانی فەرهەنگی، دکتۆر ئەسعەد ئەردەڵان لە کەسایەتییە کوردەکانی دانیشتووی تاران و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران و هەروەها چەند میوانی دیکه، لوقمان ڕەحیمی سەباڕەت بە فۆتۆکتێبی " سەد پۆرترەی کورد" بۆ ئامادەبووان لێدووانێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە خولقاندنی ئەو بەرهەمە ماوەی 10 ساڵی خایاندووە و ساڵی پار دوا وێنەکەی کێشاوە و لەو پێناوەشدا زەحمەتی زۆری کێشاوە و تاقە بەرهەمی هونەری فۆتۆگرافیە لە بواری پۆرترەی هونەرمەندانی کورد دا.
لە بەرهەمی "سەد پۆرترەی کورد" ۆێنەی هونەرمەندانێکی وەکوو قالەمەڕە، قوتبەددین سادقی، شوکروڵڵا بابان، بنەماڵەی کامکارەکان، سدیق تەعریف، محەمەد کەمانگەر، محەممەد ناهید، حەسەن دادشەکەر و وەرزشوانانێکی وەکوو سیامەند ڕەحمان و ... دەبینرێ.
شایانی ئاماژەیە ئەو ڕێوڕەسمە کاتژمێر 4 ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی تاران دەس پێ بوو و لە 6ی سەر لە ئێوارەش کۆتایی پێهات.