مانگی ڕەمەزان لە کوردستان
داب و نەریتەکانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە ڕابردوو دا لە کوردستان ناوبەنگی دەرکردبوو.کاتێک مانگی ڕەمەزان دەهات،زایەلەی دەنگی "مەرحەبا، مەرحەبا "بە ئاهەنگ و شێوازێکی تایبەت لە گەرەک و سەربانی ماڵەکان دا بەرگوێ دەکەوت.
لە سوورەتی مۆبارەکی "بەقەرە" خوداوەند دەفەرمێ:ڕۆژوو گرتن لە سەر ئێوە فەرزە هەربەوچەشنە کەلەسەر کەسانێک کە پێش لە ئێوەبوونیش فەرز و واجێب بوو. بە گوێرەی فەرمانی خودا خەڵکی موسولمانی کوردستان سەرنجی زۆریان داوە بە ئەنجام دانی داب ونەریتەکان و ئەحکامی ئایینی و بەتایبەت لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دا.
لە ڕابردوو دا لە دوایین ڕۆژانی مانگی شەعبان خەڵکی کوردستان خۆیان ئامادە دەکرد بۆ پێشوازی لە ڕەمەزان لە دوایین ڕۆژی شەعبان و شەوی یەکەمی مانگی ڕەمەزان خەڵک گرووپ گرووپ کۆدەبوونەوە و بە دوای دیتنی هیلالی مانگی ڕەمەزان بوون.بە دیتنی هیلالی مانگ بە فەرمانی مۆجتەهێدی شار دەنگی دەهۆل و سۆرنا بەرزدەبوویەوە و بەم شێوە هاتنی مانگی ڕەمەزانیان بە ئاگاداری خەڵکی دەگەیاند.بڕێ جاریش بە هاویشتنی گوللـەیەکی تۆپ دەستپێکرانی مانگی ڕەمەزانیان ڕادەگەیاند.
یەکێ لە داب و نەریتەکانی موسولمانانی کوردنشین،وەخەبەر هاتنەوە لە پارشێو و وەخەبەرهێنانی دراوسێکان و خوێندنەوەی مووسیقای تایبەتی پارشێو لەمانگی ڕەمەزان لە ناوچە جۆر بە جۆرەکانە کە پێی دەلێن مووسیقای پارشێو.لە نێوان نەوا و سترانەکان کە بۆ وەخەبەر هێنانی خەڵکی خوێندوویانەتەوە، نەوا وئاهەنگی مەرحەبا و ئەلویداع لەهەمووان بەناوبانگترە و لەهەموو ناوچە کوردنشینەکان دا زایەلەی "مەرحەبا یا ڕەمەزان" بەرز دەبێتەوە وهەڵبەت هەرئێستایش ئەم دابە مەعنەوییە لە کوردستان دا بەڕێوە دەچێت.
لە سەردەمانی کۆن دا ،وا داب بوو کەسێک بە لێدانی دەهۆڵی تایبەت خەڵکی ئاگادار دەکردەوە کە کاتی پارشێوە. هاوێژرانی تۆپ لە شاری سنە لە یەک دوو بەشی شار ئەنجام ئەدرا و شوێنی سەرەکی ئەو لە سەر تەپۆڵکەی بەرزی شار بە ناوی "شیخ موحەممەد سادق" بوو .١٥ ڕۆژی یەکەمی مانگی ڕەمەزان پێش لەبانگی شەوان خەڵک دەچوونە سەر بانی ماڵەکان و بەدەنگی بەرزەوە دەیانخوێند:"مەرحەبا مەرحەبا یاشەهرو ڕەمەزان، مەرحەبا مەرحەبا یا شەهرۆ تەسبیح و ئەلتەهیل و تیلاوەتی قورئان مەرحەبا،مەرحەبا مەرحەبا یا شەهرۆ ئەلخەیر و ئەلبەرەکەت و ئەلئیحسان مەرحەبا"لە نیوەی دووهەمی مانگی ڕەمەزان بانگ دەرانی مزگەوتەکان بە جێی مەرحەبا گوتوویانە ئەلوێداع.
لە ڕۆژی چەژنی ڕەمەزان دا لە کاتی بانگی بەیانان سێی گوللـەی تۆپیان دەهاویشت ، بەیانی جەژنی ڕەمەزان خەڵک کۆدەبوونەوە و بە خوێندنەوەی قورئان و تەکبیر ڕێزیان دەگرت لە ڕۆژی جەژن.دوای خوێندنەوەی نوێژ و بیستنی خوتبە داوای گەردن ئازاییان لە یەکتری دەکرد.لە ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان خەڵکی شارو گوندەکان دەچوونە گۆرستان و بۆ شادی ڕوحی مردووەکانیان فاتیحەیان دەخوێندەوە و بۆ سەلامەتی بەجێماوانیش دۆعایان دەکرد. هەر ئێستایش ئەم دابە لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان دا بەڕێوە دەچێت.