کچانی ئێران بوون بە پاڵەوانی تێکڤاندۆی جیهان
لە کۆتایی چوارەمین خولی ڕکابەرایەتیی تێکڤاندۆی تازەلاوانی جیهان، تیمی هەڵبژاردەی تێکڤاندۆی ئێران لە بەشی کچاندا پلەی یەکەمی جیهانی بە دەست هێنا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ چوارەمین خولی ڕکابەرایەتیی تێکڤاندۆی تازەلاوانی جیهان ٢٠١٩ کە لە چوارشەممەی رابردووە بە بەشداریی ٥٥٠ تێکڤاندۆکار لە ٦٤ وڵاتی جیهان لە تاشکەندی پێتەختی ئوزبەکستان دەست پێبوو، ڕۆژی شەممە بە پاڵەوانەتیی کچانی ئێرانی کۆتایی هات.
لە کۆتایی ئەم ڕکابەرایەتییەدا، تیمی هەڵبژاردەی تێکڤاندۆی ئێران لە بەشی کچان توانی بە سەربەرزییەوە بە دەس خستنی ٦ میداڵای زێڕ، ١ زیو و ٨١٨ خاڵ لە سەر سەکۆی پاڵەوانەتیی جیهان ڕاوەستێ.
لە بەشی کوڕانیشدا ئێران بە یەک میداڵیای زێڕ، یەک زیو و چوار برۆنز و ٢٨٧ خاڵ پلەی دووەمی جیهانی بە دەست هێنا.
لە چوارەمین خولی ڕکابەرایەتیی تێکڤاندۆی تازەلاوانی جیهان، پاش کچانی ئێران، تیمی تایلەند بوو بە دووەم و تیمەکانی کۆریای باشوور، تورکیا و ئەمریکایش پلەی سێهەم تا پێنجەمیان بە دەست هێنا.
لە گرووپی کوڕانیشدا تیمی ڕووسیا بوو بە پاڵەوان و تیمەکانی ئوکرایین، تایلەند و تایوانیش پاش تیمی ئێران بە ڕێز پلەی سێهەم تا پێنجەمیان بە دەست هێنا.
لە کۆتایی ئەم ڕکابەرایەتییانەدا بە پێی ڕاگەیاندنی لێژنەی بەڕێوەبەری ڕکابەرایەتییەکان، "ئەعزەم دۆرۆستی" راهێنەری تیمی تێکڤاندۆی کچانی ئێرانی بە باشترین راهێنەری جیهان پێناسە کرا و "ساناز عەبباس پوور" تێکڤاندۆکاری تیمی کچانی ئێرانیش ناوی خۆی وەکوو تەکنیکیترین وەرزشوان تۆمار کرد.