ته‌مووز 24, 2020 14:10 Asia/Tehran
  • یانەی هەولێر : ئەگەر هاوکاریمان نەکرێت دەرگاکانی یانەکە دادەخەین

یانەی هەولێر ڕایگەیاندووە: ئەگەر حکومەت هاوکاریمان نەکات بۆ بەشداریکردن لە خولی عێراقدا، ناچار دەبین دەرگاکانی یانەکە دابخەین و بچینەوە ماڵەکانمان.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ڕووداو،«پشتیوان شەبیب» سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندنی یاریزانان لە یانەی هەولێر ڕایگەیاندووە : چەند ساڵێکە یانەکەمان قەیرانی دارایی هەیە، بەڵام هیچ کاتێک هێندەی ئەمساڵ بارودۆخی یانەکە خراپ نەبووە، بەهۆی ئەوەی کە سەرچاوەکانی داهاتی یانەکە تووشی کێشەبوون، بۆیەش بڕیارمان داوە وەکو یانەی هەولێر بۆ وەرزی داهاتوو پشت بە یاریزانی کورد ببەستین، بەڵام بەو تیپەی کە ئێمە دەمانبێت بەشداری لە خولی عێراق بکەین، ئەنجامی باشمان نابێت.

«شەبیب» لەبارەی وادەی ئامادەبوونی پێکهاتەی یانەی هەولێریش وتوویەتی:  ئێستا گرێبەستمان لەگەڵ ١١ یاریزان کردووە، پێویستیمان بە نزیکەی ١٣ بۆ ١٤ یاریزانی دیکە هەیە، بۆ ئەوەش پێویست بە کات و پارە دەکات، ئێستا یاریزانی کوردیش ئامادەنییە یاریت بۆ بکات، لەکاتێکدا لە بەغدا ٢٠٠ ملیۆن گرێبەستی پێشکەشکردووە، لەگەڵ ئەو یاریزانانەی چوونەتە خولی عێراقیش قسەمان کردووە، بەڵام ئەوان ئامادەنین بە مووچە یاریی بکەن.

سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندنی یاریزانان لە یانەی هەولێر جەختی کردووە کە، تەنیا خوشەویستیی وەرزش ئێمەی هێناوەتە یانەکە ،ھەر بۆیە داوادەکەین ئاوڕێک لە وەرزشوانان بدرێتەوە و هاوکاری بکرێن، چونکە وەرزش کایەیەکی گرنگی ژیانە، ئەگەر ھاوکاریی نەکرێین ناچار دەبین یانەکە دابخەین.

 

سەرپەیڤ