ته‌مووز 24, 2020 16:14 Asia/Tehran
  • کوڕەکەی «زەیدان» لە «ریال مەدرید» دەڕوات

رۆژنامەکانی ئیسپانیا باسی ئەوە دەکەن کە «لوکا زەیدان»ی کوڕی «زینەدین زەیدان»ی راهێنەری یانەی «ریال مەدرید»، نایەوێت لەگەڵ ئەو یانەیە بمێنێتەوە.

بەپێی  ڕاپۆرتی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، «لوکا»ی گۆڵپارێز، دوای 16 ساڵ مانەوە لەگەڵ «ریال مەدرید»، بڕیاری داوە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی شاهانە نوێ نەکاتەوە و بچێتە یانەیەکی دیکە، بۆ ئەوەی یاری بکات.

«لوکا زیدان»ی تەمەن 22 ساڵ، کە لە تەمەنی 6 ساڵییەوە لە ئەکادیمیای «ریال مەدرید» دەستی پێ کردووە، چیدی یاریزانی «ریال مەدرید» نییە، بەو پێیەی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە لە 30ـی حوزەیران کۆتایی هاتووە و لەبەر قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە درێژکراوەتەوە.

کوڕەکەی زیدان تەنیا دوو یاری فەرمی لەگەڵ تیپی باوکی لە بەرامبەر «ڤیاڕیال» و «هویسکا» ئەنجامداوە کە لە کۆتایی دا زیدانی باوکی رووبەڕووی هەندێک رەخنە بووەوە کە گوایە لەبەرئەوە یاریی پێکردووە کە کوڕیەتی، بەڵام زیدان ئەوکات لە وەڵامیاندا گوتبووی "من یاریم بە کوڕی خۆم نەکردووە، یاریم بە گۆڵپارێزێکی ریال مەدرید کردووە".

وەک هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەڤانی لە فەرەنسا باسی دەکەن، «یانەی مۆنپێلێ»ی فەرەنسی دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ لوکا بکات و لەو بارەیەشەوە رێککەوتنێک لەنێوان کوڕەکەی زیدان و بەرپرسانی یانە فەرەنسییەکەدا هەیە.

سەرپەیڤ