ته‌مووز 30, 2020 10:10 Asia/Tehran
  • ڕۆژی عەرەفە، ڕۆژی نیایش و بەخشرانی گوناحەکان

ئەمڕۆ نۆھەمی زلحەججە، ڕۆژی عەرەفە، ڕۆژی نیایش و عیبادەت، ڕۆژێکە کە ناودارە بە بەخشرانی گوناحەکان و قەبوڵ کرانی تۆبە تیای دا، ڕۆژێک کە خوداوەند بەندەکانی بە شێوەیەکی تایبەتی بەرەولای خۆی بانگێشتن دەکات.

عەرەفە لەو جێژنە گەورە ئیسلامیانەیەو ئەوەی کە بتوانێ ئەم ڕۆژە لە سارای «عەرەفات» دا بێت، بەختەوەرییەکی گەورەی بە نسیو بووە.

ڕۆژی عەرەفە کردارو دۆعای زۆری ھەن و باشترین کرداریش لەم ڕۆژەدا دۆعایە، ملوێنان زیارەتکاری ماڵی خودا لە ڕۆژی عەرەفەدا، سپی پۆش و لەببەیک بێژ بەرڕەو سارای عەرەفات وەڕێ دەکەون.

حەجکاران ھەتا ئێوارە لە عەرەفات دا دەمێننەوەو دوای مەغریب بەرەو مەشعەرولحەرام وەڕێ دەکەون.

مەناسکی حەجج بە وقوف و وەستان لە مەشعەرولحەرام ھەر لە کازیوەی بەیانییەوە ھەتا ھەڵھاتنی خۆری ڕۆژی دەھەمی زلحەججە واتە جێژنی قوربان، بەردەوام دەبێت، زیارەتکاران پاشان بەرەو سەرزەوینی مینا دەڕۆن و دوای ڕەمی جەمەرە، قوربانی دەکەن و پاشان کاری حەلق واتە سەرتاشین یان تەقسیر کە ھەمان کورت کردنەوەی قژو نینۆکە ئەنجام دەدەن.

لەو واجیباتەی دیکەی حەججی تەمەتوع، بەیتوتەکردن و مانەوە لە سەرزەوینی مینا لە شەوی یانزەو دوانزەی زیحەججە ھەر لە ئاوا بوونی خۆرەوە ھەتا نیوەشەوی ڕەمی ھەر سێ جەمەرەیە لە ڕۆژانی یانزەو دوانزەی زیحەججەدا.

کردەوەیەکی دیکە کە زیارەتکارانی  سەرزەوینی وەحی دەبێ ئەنجامی بدەن ھەتا حەججەکەیان تۆکمە بکەن، گەڕانەوە بۆ مەککەی موکەڕڕەمەو ئەنجام دانی تەواف،بەجێ ھێنانی نوێژی تەواف،سەعی نێوان سەفاو مەروەو تەواف و نوێژی تەوافی نیسائە.

ڕێ و ڕەسمی حەججی ئەمساڵ لە بەر تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە ڕەچاوکرانی توندتۆڵی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕاگرتنی مەودای پێویست ئەنجام دەگرێت.

ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە مێژووی حەجج دا تەواوی حاجییەکان بەس لە یەک شوێن دا موحریم دەبن و دەچنە مەناسکی حەججەوە.

ژمارەی حاجییانیش لە چاو ساڵانی ڕابردوو گەلێک کەمەو ناگاتە دەھەزار کەس کە ھەرھەمووشیان شارومەندی عەرەبستانی و یان شارومەندی بیانیی دانیشتووی عەرەبستانن.

سەرپەیڤ