تشرینی یه‌که‌م 02, 2020 22:28 Asia/Tehran
  • ڕاگەیەندرانی زمانی فارسی وەکو زمانی نیشتیمانیی ئەفغانستان

دەوڵەتی ئەفغانستان بە دەرھێنانی زمانی فارسی لە پێڕستی زمانە بیانییەکان، ئەم زمانەی وەک زمانێکی نیشتیمانیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی «باختەر»ی ئەفغانستان، «ئەحمەد جاوید ڕەسوڵی» سەرۆکی فەرمانگەی نیشتیمانیی ڕێژەو زانیارییەکانی ئەفغانستان، ڕۆژی ھەینی ڕایگەیاند: زمانی فارسی کە ھەتا ئێستا لەگەڵ چەند زمانێکی دیکە لە پێڕستی زمانە بیانییەکاندا بووە لە ئەفغانستاندا، لە بەر ناڕەزامەندیی شارومەندانی فارس زمانی ئەم وڵاتە لە پێڕستی زمانە بیانییەکان ھاتووەتە دەرەوەو لە زمانە نیشتیمانییەکانی ئەم وڵاتە زیاد کراوە.

ڕەسوڵی وتیشی: ھەتا ئێستا زمانەکانی فارسی و تاجیکی وەکو زمانی بیانی و ئینجا زمانەکانی ئوردو، پەنجابی، عەرەبی، سندی، مەغولی، کازاخی و ھێندێک زمانی دیکە وەک زمانی نێوخۆیی لە ڕەشنووسی دابەشکردنی پێناسەی ئەلێکترۆنیکی دا ھاتوونەتە ئەژمار کە دیارە ئەمەش لەگەڵ ناڕەزامەندیی کۆمەڵێک لە شارومەندانی ئەفغانی لەوانە فارس زمانەکان بەرەوڕوو بووەتەوە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵێک لە زمانناسانی ئەفغانستانی لەوانە «جاوید فەرھاد» وتوویانە: بە بیانی زانینی زمانی فارسی و تاجیکی و بە نێوخۆیی زانینی زمانگەلێکی وەک ئۆردوو، سندی و پەنجابی لە ڕووی زمانناسییەوە لۆژیکانە نییە، چونکو ئەم زمانگەلە ھەڵگری پێناسەو پێشینەیەکی پاڕاوی مێژوویی و ڕۆشنبیرین کە ھاوپەیوەندە بە بواری شارستانی و ڕۆشنبیریی ئەفغانستان و ئێران و تاجیکستانەوە.

سەرپەیڤ