تشرینی یه‌که‌م 06, 2020 16:03 Asia/Tehran
  • بەڕێوەبەری یانەی «ئەلسەد» خەیاڵی پێرسپۆلیسییەکانی ئاسودە کرد

بەڕێوەبەری یانەی «ئەلسەد» لە ڕادەربڕینێک دا جەختی لەوە کردووەتەوە کە، یانەکەی ئەوانیش لە بارەی ئامادە بوونی یاریزانانی تازە لە نێو تیپەکەی پێرسپۆلیس سکاڵای بردووەتە لای «ئەی ئێف سی».

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، دوای سەرکەوتنە شیرینەکەی یانەی پێرسپۆلیسی ئێران لە بەرامبەر تیپی «ئەلنەسری» عەرەبستان لە قۆناغی پێش کۆتایی کێبەرکێکانی ھەڵبژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا، یانەکەی عەرەبستان لە بارەی ئامادە بوونی یاریزانانی تازە لە نێوپێکھاتەی یانەی پێرسپۆلیس سەرباری بێ بەری کرانی ئەم یانەیەو داخرانی دەرکەی گواستنەوەکانی لای «ئەی ئێف سی» سکاڵای دەربڕیوە. ھەر ئەمەش وایکرد ھەتا ھێندێک پەرۆشی لەم بارەیەوە بێتە ئاراوە. تەنانەت کۆنفدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا داوای ھێندێک بەڵگەی لە یانەی پێرسپۆلیس کرد. کەچی لەم ناوەدا «نەواف عیسەوی» پەیامنێری ناسراوی عەرەبستانی ڕادەربڕینێکی جێی سەرنجی لە بەڕێوەبەری یانەی «ئەلسەد» گواستووەتەوە.

بەڕێوەبەری یانە قەتەرییەکە وتوویەتی: دوای دۆڕان لە بەرامبەر یانەی پێرسپۆلیس لە قۆناغی یەک ھەشتەمی کۆتایی کێبەرکێکانی ھەڵبژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا سەبارەت بە ئامادە بوونی یاریزانانی تازە لە نێوپێکھاتەی یانەی پێرسپۆلیس پرسیارمان کردو ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە ئەم یانەیە ھیچ پێشێلکارییەکی یاسایی ئەنجام نەداوە.

ئەم ڕادەربڕینە ھەتا ڕادەیەکی زۆر یانەی پێرسپۆلیس و لایەنگرانی ئەرخەیان کردووە. ئا بەمجۆرە وادەر دەکەوێت کە جلسوورەکانی تیپەکەی تاران توشی ھیچ جۆرە پێشێلکارییەک نەھاتوون و دەتوانن بە ئەرخەیانییەوە بیر لە فیناڵی ھەڵبژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا بکەنەوە، مەچەر ئەوەی کە بڕیارێکی تازە و سەیروسەمەرەی دیکە لە لایەن «ئەی ئێف سی» بدرێت.

 

سەرپەیڤ