تشرینی یه‌که‌م 28, 2020 13:20 Asia/Tehran
  • دەست بەکار بوونی سی و چوارەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی یەکگرتنی ئیسلامی لە ڕۆژی پێنج شەممەوە لە تاران

سی و چوارەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی یەکگرتنی ئیسلامی بە تەوەرەی «ھاوکاریی ئیسلامی لە بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ چورتم و بەڵاکاندا» لە ڕۆژی پێنج شەممەوە لە تاران بەشێوەی ئۆنلاین دەست پێ دەکات.

«حوججەتولئیسلام حەمید شەھریاری» سکرتێری گشتیی کۆگەی جیھانیی لێک نزیک بوونەوەی ئایینزا ئیسلامییەکان ڕۆژی سێ شەممە بە ڕاگەیاندنی وردیاتی سی و چوارەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی یەکگرتنی ئیسلامی وتی: ئەم کۆنفرانسە لە ڕۆژی پێنج شەممەوە دەست بەکار دەبێت و ھەتا سێ شەممەی داھاتوو «سێھەمی نوامبەر»یش کاری خۆی بەردەوام دەکات.

«حوججەتولئیسلام حەمید شەھریاری» وتیشی:لە  سی و چوارەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی یەکگرتنی ئیسلامی، ١٦٧ وتاردەری بیانی لە ٤٧ وڵات و ١٢٠ وتاردەری ئێرانی لە کەسایەتییە ھەڵکەوتەکانی جیھانی ئیسلام و خاوەن ڕایانی یەکگرتن و لێک نزیک بوونەوەی ئایینزا ئیسلامییەکان بەشداری دەکەن.

سکرتێری گشتیی کۆگەی جیھانیی لێک نزیک بوونەوەی ئایینزا ئیسلامییەکان، پەردەلادان لە سەر دوو کتێب سەبارەت بە فەلەستین، کردنەوەی ڕادیۆی «وەحدەت و یەکگرتن» و بڵاوکرانەوەی ھەزار وتاری لە بنکەی ڕاگەیاندنی «وەحدەت»یشی وەک بەرنامەکانی دیکەی ئەم کۆنفرانسە شەش ڕۆژەیە ڕاگەیاند.

 سکرتێری گشتیی کۆگەی جیھانیی لێک نزیک بوونەوەی ئایینزا ئیسلامییەکان،  ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە سوکایەتیی کاربەدەستانی فەرەنسی بە کەسایەتیی پیرۆزی پێغەمبەری سەردار(ص) وتیشی: دوژمنان خەریکی پەرە پێ دانی ئیسلام ترسێن کردنی خەڵکانی جیھانن و دیارە ئێمەش دەبێ بە وریاکردنەوەو دیالۆگی کارا، ئیسلامی ڕاستەقینە بە جیھان بناسێنین و ماوەی ئەوە نەدەین کە ئەوانە بە ناساندنی ئیسلامێکی درۆینە کە برەو بە توندوتیژی دەدات، سیمای ئیسلامی ڕاستەفینە بخەوشێنن.

سەرپەیڤ