تشرینی دووه‌م 11, 2020 00:42 Asia/Tehran
  • بەرپاکرانی وبیناری  لێکدانەوەی ئیسلام فوبیا لە ڕۆژئاوا

لە سەر ئەرکی دامەزراوەی زانستی و ڕۆشنبیریی شۆڕشی ئیسلامی و بە ھاریکاریی سەرکونسولگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی و کەناڵی سەحەری کوردی، وبینارێک بە ئامادە بوونی بیرمەندانی ئیسلامی و بەتایبەت توێژەرانی بواری ئایینی بەرپا کرا.

لەم وبینارە دا کە تایبەتی لێکدانەوەی ھۆکارەکانی ئیسلام فوبیا لە ڕۆژئاوا بوو، دکتۆر «سەیید ئەحمەد بەرزنجی» ڕاوێژکاری ئایینیی ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانی و دکتۆر«فاروق عەلی ئەحمەد» ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی میدیایی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بەشدار بوون. ھەروەھا لە ئێرانیشەوە دکتۆر «مەحمود وەیسی»و «دکتۆر مەسعود شاورانی» لە مامۆستایانی زانکۆی زانکۆی ئایینزا ئیسلامییەکانی تاران بەشداری ڕێ و ڕەسمەکە بوون کە بە نۆرەی خۆیان بیروڕاکانیان ئاراستە کرد.

باسی سەرەکیی ئەم وبینارە ھۆکارەکانی ئیسلام فوبیا لە ڕۆژئاوا بە سەرنجدانی کردەوەو ورووژاندنەکانی ئەم دواییە لە ئەورووپا و بە تایبەت فەرەنسا دژی پێغەمبەری ئیسلام(ص) بوو.

دکتۆر «سەیید ئەحمەد بەرزنجی» وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە دوژمنایەتیی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئیسلام لەپاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران پەرەی سەندووە، وتیشی: لە سەردەمی شەڕی سارد لە نێوان ئوردوگای ڕۆژھەڵات «سۆڤیەتی پێشوو»، ڕۆژئاوا ئیسلامی بە دوژمنی خۆی نەدەزانی و یان بە ھەندی نەدەگرت، بەڵام لەپاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و دوای ئەوەی کە ئوردوگای ڕۆژھەڵات لەنێو برا، وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەر پەرۆش بوونیان لە کاریگەریی شۆڕشی ئیسلامی لە سەر وڵاتانی ناوچەکەو ھەروەھا گەشەی ئیسلامخوازی لە جیھان، ئیسلامیان بە مەترسی زانی.

لە درێژەی وبینارەکەدا دکتۆر «مەسعود شاورانی»یش ئاوڕی لە پێشینەی دوژمنایەتیی ڕۆژئاوا لەگەڵ گەلانی ئیسلامی دایەوەو پێی داگرت: پێشینەی دوژمنایەتیی ڕۆژئاوا لەگەڵ جەماوەری ڕۆژھەڵات بۆ سەردەمی چاخی کەونارا دەگەڕێتەوە. بە سەرنجدانی ئەو بیروڕایەی کە بە سەر یۆناندا زاڵ بوو، کاتێک کە «ئەسکەندەری مەگدونی» لە ساڵی ٣٣٦ی پێش لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح(ع) لە مەگدونیە دەستەڵاتی گرتە دەست و پەلاماری ئێران و ناوچەی مێزۆپۆتامیای دا، بیروڕای خۆی لەم ناوچەیەدا پەرە پێ داو جێگرەوەکانیشی ئەو کلتوورەی یۆنانیان وەک کلتووری باڵادەست ناساند.

لە وبینارەکەدا دکتۆر«فارووق عەلی ئەحمەد» ھۆکارەکانی پەرە سەندنی ئیسلام ترسێن کردن لە ڕۆژئاوای شی کردەوەو ڕایگەیاند: دوژمنایەتیی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئیسلامی ساختەو وەھماوییە و ئەوانە سیمایەکیان لە ئیسلام خستووەتە ڕوو کە دەڵێی ئیسلام نەیاری ئازادی و دیموکراسی و ئایینێکی ویشک و بەرتەسک و داخراوە.

ناوبراو ھەروەھا جەختی لەوەش کردەوە کە ڕۆژئاوا جێ و شوێن و سیمای ئیسلامی بە خەوشێندراوو ناڕاست پیشان داوە.

وبیناری  لێکدانەوەی ئیسلام فوبیا لە ڕۆژئاوا یەکەم دانیشتنی بیروڕا گۆڕینەوەی ئایینیی توێژەرانی کورد بوو کە لە ڕێگایی وبینارەوە بەڕێوە برا.

 

 

سەرپەیڤ