حەسەن زیرەک ، نەمریی لە ھونەردا
مامۆستای تاکانە و بلیمەتی گۆرانی و مۆسیقای کوردی ، حەسەن زیرەک ، ئێستا ئەگەر لە ژیاندابایە ، مۆمی تەمەنی 99 ساڵی ھەڵدەکرد .
8 ی سەرماوەز ( بە گێڕانەوەیەک 29 ی نوامبر) ساڵھاتی لەدایکبوونی ئەو گەورە ھونەرمەندەیە کە 50 ساڵ زیاتر نەژیا و لەو تەمەنە کەمەدا ، 2000 گۆرانی تۆمار کرد .
هێشتا تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵانە نەوەی نوێیان لەگوێگرتن لەدەنگە ئەفسانەییو زێڕینەکەی ئەو دوورنەخستوەتەوە، چەندین نەوەی کورد گوێ لەگۆرانە جاویدانیو هونەرە بەرزەکەی زیرەک دەگرن.زیرەک هونەرمەندێکی ئەوەندە مەزنە کە لەماوەی پەنجا ساڵی تەمەنیدا، سەرباری ئەوەی نەخوێندەواریش بووە، سەدان ئاوازو شیعرو گۆرانی ئاست بەرزی داهێناوەو دڵی ملیۆنەها کوردی ( بگرە غەیرە کورد) داگیر کردووە.
ئەو گەنجینە گۆرانیو هونەرە رەسەنەی حەسەن زیرەک لەژیانیدا پێشکەشی کوردی کردوە بارتەقای هەمو ئەو گۆرانییانەن کە بەدرێژایی مێژووی کورد پێش زیرەک بەرهەمهاتوون.
زیرەک کە لەژیانیدا بەردەوام لەجێگۆڕکێدا بوە لەنێوان شارەکانی کوردستانی ئێران و کوردستانی عێراق و بەغداو تاراندا، بەشێکی گرنگی گۆرانییەکانی لەو دانیشتنانەدا وتووە کە لەشاری سلێمانی تۆماری کردوون و هەم هەڵبەستو هەم ئاوازەکەشی هی خۆی بوون.
زیرەک لە٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢لەتەمەنی ٥٠ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکاتو لەسەر داوای خۆی لەکێوی ناڵەشکێنە لە شاری بۆکان بەخاک دەسپێردرێت.
حەسەن زیرەک نزیکەی ٢٠٠٠ گۆرانی بەزمانی کوردی، فارسی، ئازەریو لوڕیو ئەرمەنی تۆمار کردوەو بەدرەوشاوەترین ئەستێرەی هونەرییو گەورەترین سیمبولی موزیکی کوردی دادەنرێت.