کانونی یه‌که‌م 05, 2020 11:51 Asia/Tehran
  • ساغکردنەوەیەکی دیکەی نالی ، کتێبی

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێرانەوە لە ماڵی کتێبی کوردی، چاپەمەنی مادیار لە سنە «ئافاقی شیعری نالی»، نوێ ترین بەرهەمی دوکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادەی بڵاو کردەوە.

 

لەو کتێبەدا ڕەهبەر مەحموود زادە دەڵێت: "نالی بیرمەند و شاعیرێکە ناتوانی خۆتی لێ ببوێری. کە خۆیشت لێ نەبوارد، ناتوانی ڕاگوزاری بەلای‌دا تێپەڕی و دوای گوت‌وبێژێکی ساکار و ئاسایی ماڵاوایی لێ بکەی. نالی کەسێکە دەبێ ماوەیەکی زۆر لە لای بمێنییەوە، لەگەڵی‌دا بژی، بیدوێنی و وەدەنگی بهێنی. پرسیاری لێ بکەی و بەدەم بێ‌دەنگ بوونەکانیەوە سەبر بگری. "

دەشڵێت:" من ئەوەندی پێم کراوە هەوڵم داوە لە جیاتی ئەوەی ئەم مانایانەی خۆم لە زەینم‌دا بوونە وەپاڵ دەقی نالی بدەم، ئاسۆی ڕوانینی کاتی خولقانی دەقەکە بخولقێنمەوە. نەمویستووە جلی تایبەت بە زەمینە و زەمانەی ئەو سەردەم لەبەر شێعری نالی دابڕنم و جلێکی دیکەی لەبەر بکەم کە شیاوی ئەو زەمینە و زەمانە تایبەتە نەبووە. نەمویستووە نالی بکەم بە کوردێکی سەدەی بیستەم یان سەدەی بیست و یەکەم. نالی مەلایەکی ئایینی زۆر خوێندەوار و تێگەیشتوو بووە کە نە بڕوا ئایینییەکانی بۆ بۆچوونە نوێیەکانی وەلا ناوە و نە بەپێچەوانە."

 ڕهبەر مەحموود زادە ئەوەشی وتووە کە " لە زۆربەی شوێنەکان‌دا شێعرەکانم بەگوێرەی ساغ کردنەوەی مامۆستایانی مودەرریس‌ نووسیوەتەوە. لە هەندێک شوێن‌دا کە پێم وا بووە شێعرەکان دەبووایە به شێوەیەکی تر ساغ کرابانەوە، شێعرەکانم بەگوێرەی بۆچوونی خۆم نووسیوە. زیاتر لە سەتا نەوەدی ساغ کردنەوەی مامۆستایانی مودەرریس جێگای پشت پێ‌بەستنە و لەناو ساغ کردنەوەکانی دیکەدا هیچیان هێندەی ئەم ساغ کردنەوەیە جێگای متمانە نین."

جەختیشی کرد: " زۆریەک لە شێعرەکانی نالی پێویستییان به لێکدانەوەی بەیت بە بەیت هەیە. من نەمویستووە ئەو کارە بکەم. چونکه ئەگەر وام کردبا لە تەوەری باسەکان دادەبڕام. بەڵام هەوڵم داوە لە داوێنی لاپەڕەکان‌دا مانای وشە نامۆکان بنووسمەوە. بۆ نووسینەوەی بەشێک لەو مانایانە کەڵکم لە شەرحی مامۆستایانی مودەرریس وەرگرتووە و بەشێکی تریشم خۆم لێک‌داوەتەوە."

سەرپەیڤ