کانونی یه‌که‌م 20, 2020 08:45 Asia/Tehran
  • یەلدا جەژنی دێرین و کەونارایی

یەکێک لە جەژنە جوانەکان کە لە کۆنەوە ماوە، جەژنی شەوی یەلدا یان ھەمان شەوی چلەیە کە ھاوکاتە لە گەڵ دوایین شەوی پاییز و دریژترین شەوی ساڵ لە بەشە باکووریەکەی گۆی زەوی .

شەوی یەلدا یا شەوی چلە لە دێرین ترین جەژنە ئێرانیەکانە . وشەی یەلدا ، وشەیەکی سریانیە کە بە مانای بەدونیاھاتن و وەچەنانەوە لێکداراوەتەوە . ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دوای شەوی یەلدا و دەرکەوتنی ھەتاوی یەکەم رۆژی زستان ، لەبەر ئەوەی کە وردە وردە شەو کورت و رۆژ درێژ دەبن ، بە واتایەک زەوی دەبووژێتەوە . 

شەوی چلەش کە ھەمان شەوی  یەلدایە لەوڕووەوەیە کە چل رۆژی یەکەمی زستان چلەی گەورەی پێدەگوترێ و بیست رۆژی دواتری بە چلە چوکە ناسراوە . 

 قەدیم لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە ئەوپەڕی سەرماوسۆڵەی زستان لە چلەی گەورەدایە . 

رابردووی یەلدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێکی زۆر دوور بەڵام بە وردی دیار نیە کەی بووە . زۆرێک لە کەوناراناسان 7 ھەزار ساڵ پێشیان بۆ یەلدا لەبەرچاوگرتووە . 

بە پێی نەریتێکی کۆن ، خەڵک لە شەوی یەلدادا خوانێک رادەخەن و لە دەوری دادەنیشن و تێپەڕین لە کاتی کۆن بۆ نوێ دەکەن بە جەژن  کە لە ھەندێ ناوچەدا خوانی شەوچەرەی پێدەگوترێ . 

لە شەوچەرەی کوردی دا سەردەمانی زوو ، مێوژ و کاکڵە گوێز ، بادام و لەتە میوەی وشککراویان داناوە . 

ئێستا لەسەر خوانی یەلدا شووتی و ھەناریش دادەنرێ کە لەبەر رەنگی سووریان تەعبیر لە ھەتاو لە شەودا دەکەن . 

لە نێو شارە کوردنشینەکان ، لە شاری سنە زیاتر لە شارەکانی دیکە گرنگیی بە جەژنی یەلدا ئەدرێ و خەڵک بە ھەندی دەگرن و زووتر خوی بۆ ئامادە دەکەن و چەندین خۆراکی تایبەتیی ساز دەکەن . 

نالی ، شاعیری گەورەی کورد لە غەزەلێکدا ناوی یەلدای ھێناوە و دەڵێ :

شەوی یەلدایە یان دەیجوورە ئەمشەو 

کە دیدەم دوور لە تۆ بێ نوورە ئەمشەو 

بەڵام ئەمساڵ یەلدا جیاوازە . ئەمساڵ لەبەر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ، شارەزایانی بواری تەندروستی و پزیشکی خەڵک رادەسپێرن مێوانی سازنەدەن و کۆبوونەوەیان نەبێ بەڵکوو ھەر لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە بیکەنە جەژن تا کۆبوونەوەکان نەبنە ھۆی تەشەناکردنی ئەو پەتایە .  

سەرپەیڤ