یەلدا لە سەردەمی کۆرۆنادا
یەکێک لە جەژنە جوانەکان کە لە کۆنەوە ماوە، جەژنی شەوی یەلدا یان ھەمان شەوی چلەیە کە ھاوکاتە لە گەڵ دوایین شەوی پاییز و دریژترین شەوی ساڵ لە بەشە باکووریەکەی گۆی زەوی .
شەوی یەلدا یا شەوی چلە لە دێرین ترین جەژنە ئێرانیەکانە . وشەی یەلدا ، وشەیەکی سریانیە کە بە مانای بەدونیاھاتن و وەچەنانەوە لێکداراوەتەوە . ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دوای شەوی یەلدا و دەرکەوتنی ھەتاوی یەکەم رۆژی زستان ، لەبەر ئەوەی کە وردە وردە شەو کورت و رۆژ درێژ دەبن ، بە واتایەک زەوی دەبووژێتەوە .
شەوی چلەش کە ھەمان شەوی یەلدایە لەوڕووەوەیە کە چل رۆژی یەکەمی زستان چلەی گەورەی پێدەگوترێ و بیست رۆژی دواتری بە چلە چوکە ناسراوە .
قەدیم لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە ئەوپەڕی سەرماوسۆڵەی زستان لە چلەی گەورەدایە .
رابردووی یەلدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێکی زۆر دوور بەڵام بە وردی دیار نیە کەی بووە . زۆرێک لە کەوناراناسان 7 ھەزار ساڵ پێشیان بۆ یەلدا لەبەرچاوگرتووە .
بە پێی نەریتێکی کۆن ، خەڵک لە شەوی یەلدادا خوانێک رادەخەن و لە دەوری دادەنیشن و تێپەڕین لە کاتی کۆن بۆ نوێ دەکەن بە جەژن کە لە ھەندێ ناوچەدا خوانی شەوچەرەی پێدەگوترێ .
لە شەوچەرەی کوردی دا سەردەمانی زوو ، مێوژ و کاکڵە گوێز ، بادام و لەتە میوەی وشککراویان داناوە .
ئێستا لەسەر خوانی یەلدا شووتی و ھەناریش دادەنرێ کە لەبەر رەنگی سووریان تەعبیر لە ھەتاو لە شەودا دەکەن .
لە نێو شارە کوردنشینەکان ، لە شاری سنە زیاتر لە شارەکانی دیکە گرنگیی بە جەژنی یەلدا ئەدرێ و خەڵک بە ھەندی دەگرن و زووتر خوی بۆ ئامادە دەکەن و چەندین خۆراکی تایبەتیی ساز دەکەن .
نالی ، شاعیری گەورەی کورد لە غەزەلێکدا ناوی یەلدای ھێناوە و دەڵێ :
شەوی یەلدایە یان دەیجوورە ئەمشەو
کە دیدەم دوور لە تۆ بێ نوورە ئەمشەو
بەڵام ئەمساڵ یەلدا جیاوازە . ئەمساڵ لەبەر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ، شارەزایانی بواری تەندروستی و پزیشکی خەڵک رادەسپێرن مێوانی سازنەدەن و کۆبوونەوەیان نەبێ بەڵکوو ھەر لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە بیکەنە جەژن تا کۆبوونەوەکان نەبنە ھۆی تەشەناکردنی ئەو پەتایە .
ئەمساڵیش کەناڵی سەحەری کوردی لە شەوی چلە لەگەڵتانە بۆ پێشکەشکردنی تایبەتە بەرنامەیێک بەم بۆنەوە.
کاتی بڵاوبوونەوە :
شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە کاتژمێر ۱۰ی شەو بە کاتی تاران و ۹:۳۰ی شەو بە کاتی هەولێر