مەسیح ھات
لە دایک بوونی متفەڕک و پڕ لە تریفەو گەشانەوەی پێغەمبەری گەورەی خوداوەند حەزرەتی عیسای مەسیح(ع) لە ھەموو تاقانەپەرستانی جیھان پیرۆز بێت.
لە سەروبەندی ساڵی تازەی زایینی داین، زۆرێک لە کریستیانەکان لە گۆشەو کەناری جیھان خەریکی خۆسازدانن بۆ گێڕانی جێژن و ئاھەنگی ساڵی تازەی زایینی. ھەڵبەت دیارە ئەم دۆخە کۆرۆناییە ھێندێک گەشەونەشەی جێژنی دامرکاندووەتەوەو ھەمووان بە ئاواتین ئەم ڤایرۆسە نەگریسە بەروبنەی بپێچێتەوەو ئەم جیھانە چۆڵ کات و بۆ ساڵانی دوایی لە تەواوی جێژن و ئاھەنگەکاندا ئیدی خەڵک بە بێ ترس و دڵەڕاوکە بە شادی و شاگەشکەوە لە دەوری یەکتر کۆ ببنەوە.
لە دایک بوونی حەزرەتی عیسای مەسیح(ع) بە پێی گێڕانەوەی ئینجیلەکان، ٢٥ی دیسامبەرو چەند ڕۆژێک بەرلە جێژنی کریسمەس بووە.
ئەم پەیامھێنە مەزنەی خوداوەند نەک ھەر شێوە لەدایک بوونێکی سەیروسەمەرەو پەرجووئاسای ھەبووەو بە بێ باوک و بەس لە دایکێکی پاکیزەو داوێن پاکەوە ڕووی لەم دنیایە کردووە، بەڵکو سەرلەبەر ژیانی حەزرەتی عیسای مەسیح(ع)یش خۆی لە خۆی دا تژییە لە موعجیزەو پەرجووی ئیلاھی کە لە قورئانی پیرۆزدا بە جوانی باسی کراوە.
پەڕتوکی ئاسمانیی قورئان بە زمانێکی پاڕاوو چیرۆک ئاسا خاڵە گرین و جێی سەرنجەکانی حەزرەتی مریەم(س)وحەزرەتی عیسای مەسیح(ع)ی شی کردووەتەوەو بەباشی باسی حەزرەتی عیسای مەسیح(ع)و دایکە پایەبەرزەکەی کردووە.
حەزرەتی مریەم(س) بە پێی باوەڕی موسڵمانان یەکێکە لەو چوار ئافرەتە ھەڵکەوتەیەی جیھان. باوکی بەڕێزی حەزرەتی عیمران(ع) و دایکیشی ژنێکی لەخوداترس و داوێن پاک بووەد بە ناوی «حننە».
حەزرەتی عیسای مەسیح(ع) وەک پێغەمبەرانی ئیلاھیی دیکە زاھیدوعابید بووەو خوداوەندی لە کەشخەگەری و جوانپەرەستییەکانی دیکەی دنیا بە دوور ڕادەگرت. ئیمامی عەلی(ع) لە بارەی شێوازی ژیانی حەزرەتی عیسای مەسیح(ع)ەوە فەرموویەتی: سەرینی بەرد، جل و بەرگی ھەڕەمەو خۆراکی ناخۆش بووە. شلەی برسیەتی و چراکەی بە شەوان مانگ و پاساریشی لە ڕۆژدا ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای زەوی بوو. میوەو سەوزەمەنیەکەی ئەو گژوگیاگەلە بوون کە لە ناوچە جۆربەجۆرەکاندا دەڕوان.
ھەروەھا ئیمامی کازم(ع)یش لە بارەی شیرینایی باوەڕی ڕەسەن و پەتیی ئەو حەزرەتەوە دەفەرموێت: مەسیح(ع) فەرمویەتی: ئەی بەندە خراپەکان، گەنم پاک و خاوێن کەنەوەو بە جوانی بیھاڕن ھەتا بتوانن چێژی لێ وەرگرن. ئینجا باوەدیش تۆکمەو ڕەسەن بکەن ھەتا شیرناییەکەیتان بۆ دەرکەوێت و لە ئەنجام دا بەھرەتان پێ بگەیەنێت.
ئەو حەزرەتە گەلێک جار بە ھاوڕێ نزیکەکانی واتە «حەواریون» بەڵێن و مزگێنیی دابوو کە دوای من پێغەمبەرێک دێت کە ناوی «ئەحمەد»ەو خاوەنی کتێب و شەریعەتە.بەڵێ، پێغەمبەران یەکتریان پشتڕاست دەکردەوەو ھیچکامەیان ھیچ ئامانجێکیان بێجگە لە ڕێنوێنیی مرۆڤەکان بەرەو ئەفراژ بوون و مەعنەوییەت نەبوو. قورئان پێمان دەڵێت کە حەزرەتی عیسای مەسیح(ع) نە لە خاچ دراوەو نە کوشتوویانە، بەڵکو خوداوەند بەرەو ئاسمانەکان بەرزی کردەوەو بە دەرکەوتنی ڕزگاریدەری جیھانی مرۆڤایەتی حەزرەتی ئیمامی مەھدی(عج)،حەزرەتی عیسای مەسیح(ع)یش دەر دەکەوێ و دەگەڕێتەوە.