کۆرۆنا دەنگوەرگرتن بۆ دیاری کردنی میوانداری جامی گەلانی پەک پێ خست
بە پێی ڕاپۆرتی بڵاوکراوەیەکی عەرەبستانی، ئاھەنگی دەنگوەرگرتن بۆ دیاری کردنی میوانداری جامی گەلانی ٢٠٢٧ی ئاسیا کە بۆ مانگی ژوئەنی ساڵی ٢٠٢١ گەڵاڵەکرابوو، لە بەر تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا کەوتە مانگی ئۆکتۆبەر.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، بڵاوکراوەی عەرەبستانیی شەرقۆلئەوسەت چاپی لەندەن بە گێڕانەوە لە سەرچاوە ئاگادارەکان نووسی: لێژنەی ھەڵسەنگاندنی کۆنفدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بڕیار وا بوو لەم مانگەداو لە مانگی داھاتووش وڵاتانی پاڵێوراوی میوانداری کردنی یارییەکان لەوانە عەرەبستانی سەعودی، قەتەر، ھیندوستان و ئێران بەسەر کاتەوە، بەڵام ئەو دۆخەی کە لە بەر تەشەنای کۆرۆنا ھاتووەتە پێشەوە بووەتە ھۆی سەرلێشێوانی کاربەدەستان و لە ئەنجام دا بڕبار درا کە دەنگوەرگرتن بکەوێتە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ھەتا لەم ڕێگایەوە لێژنەی ھەڵسەنگاندن دەرفەتی پێویستی بۆ بەسەر کردنەوەی وڵاتانی میواندار ھەبێت.
با ئەوەش بوترێت کە ئوزبەکستان کە خۆی بۆ میوانداریی جامی گەلان لە ساڵی ٢٠٢٧ پاڵاوتبوو، حەوتەی ڕابردوو لەو پێشنیارەی پاشگەز بووەوە.
جامی گەلانی ئاسیا لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٢ەوە دەکەوێتە گەڕو لە٢٥ی پوشپەڕ بە میواندارەتیی وڵاتی چین بەرپا دەکرێت.