شوبات 16, 2021 20:56 Asia/Tehran
  • نوسەری کورد «موحەممەد عەلی دەسماڵی» خەڵاتی «سادقی ھیدایەت»ی بردەوە

چیرۆکی «ددانی حەزرەتی ئەشرەف» لە نێوان ئەو  ١٣٠٠  چیرۆکەی کە گەییشتبوونە نۆزدەھەمین خولی خەڵاتی «سادقی ھیدایەت»، پلەی دووھەمی بە خۆی تەرخان دا.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر، ئەمساڵ لە نۆزدەھەمین خولی خەڵاتی ئەدەبیی «ھیدایەت» دا، خەڵاتی دووھەم بۆ «موحەممەد عەلی دەسماڵی» مسۆگەر کرا. چیرۆکەکەی «دەسماڵی» بە ناوی «ددانی حەزرەتی ئەشرەف» بە شێوەیەکی فانتێزیایی چەند قۆناغێکی ژیانی «ئەحمەدی قەوام» سیاسەتڤانی ناوداری سێ سەردەمی دەستەڵاتی قاجار، پەھلەویی یەکەم و پەھلەویی  دووھەم دەگێڕێتەوە.

نووسەر لەم بەرھەمەی دا ھەوڵی داوە ھەتا لە ڕوانگەیەکی نوێکارانەو خەیاڵییەوە ئەوە ئاشکرا بکات کە لە سەردەمی ئەمڕۆش دا دەلوێ جارێکی تر ھەڵسەنگاندن بۆ کەسایەتییە مێژووییەکان بکرێت.

«موحەممەد عەلی دەسماڵی» شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ، سیاسەتڤان و میدیاکاری کورد ھەتا ئێستا کۆمەڵە شیعرێکی فارسی بەناوی«ئەسپی سەربڕاوی ھەنیسک»، وەرگێڕانی کۆمەڵە شیعرێکی تورکیی ئەستەمۆڵی بە کوردی و دوو کۆمەڵە چیرۆکی فارسیی بڵاو کردووەتەوە.

«دەسماڵی» لە دایک بووی ساڵی ١٣٥٦ی کۆچیی ھەتاوی شاری سنەیەو لە ساڵی ١٣٩٧دا بە چیرۆکی « خۆ نەیشابوور دەریای نییە» پلەی یەکەمی خەڵاتی ئەدەبیی «فریشتەی» بردووەتەوە.

بەرھەمەکانی ئەم  قەڵەم بەدەستە کوردە کە ھەتا ئێستا بڵاو بوونەتەوە بریتین لە، کۆمەڵە شیعری فارسیی «ئەسپی سەربڕاوی ھەنیسک» لە سەر ئەرکی ناوەندی پەخشی«قەڵەم»، کۆمەڵە چیرۆکی «ئەسپێک بۆ گیان سپاردن» لە سەر ئەرکی ناوەندی پەخشی «ئەفراز»، کۆمەڵە چیرۆکی « دوور خراوەی بەرتارمەکان» لە سەر ئەرکی ناوەندی پەخشی «ڕەوزەنە» و ھەروەھا «تاڵترین قاوە» لە سەر ئەرکی ناوەندی پەخشی «ئاراس».

ئەم نووسەرە کوردە لە وەڵامی ئەم پلارەی ڕەخنەگرەکانی کە بۆ دەبێ قەڵەم بەدەستێکی کورد لە کەش و ھەوای خۆجێیی دوورکەوێتەوەو ھەوێنێک بۆ چیرۆکەکەی ھەڵبژێرێت کە بە دوورە لە ڕاستییەکانی ئەمڕۆی ناوچەکەی خۆی، وتوویەتی: لە زۆرێک لە چیرۆکەکانی دیکەم دا  باسی کەسایەتی و کەش و ھەوای کوردانەشم کردووە.

«دەسماڵی» جەختی لەوەش کردووەتەوە کە،من بە ناوی کوردێکەوە کە بە ھەردوک زمانی  فارسی و کوردی دەنووسم ھەوڵم داوە ئەزمون و کەش و ھەوایەک بخەمە بەر چاو کە لایەنی مرۆڤانەو داستانییەکەی سەرنج ڕاکێش تر بێت.

سەرپەیڤ