بڵاوگەیەکی تایبەت بە ئەدەبی منداڵان بە زمانی کوردی لە سنە مۆڵەتی چالاکیی وەرگرت
"پەپوولە" یەکەمین پەخشکاری تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵان لە سنە دەستی بە کار کرد.
بە پێی هەواڵی مێهر، ئەم بڵاوگەیە مۆڵەتی فەرمی لە لایەن ئیرشادەوە وەرگرتووە و لە شاری سنە چالاکی دەکات.
گەرچی هەموو بڵاوگەکانی کوردستان بەشێک بۆ ئەدەبی منداڵان تەرخان دەکەن و بەرهەمیشیان چاپ و بڵاو کردۆتەوە بەڵام تا ئێستا بڵاوگەیەک تایبەت بە ئەدەبی منداڵان نەبووە.
"پەپوولە" یەکەمین بڵاوگەیە لە رۆژاوای ئێران کە تایبەت بە ئەدەبی منداڵانە و دەتوانێ دونیایەکی نوێ بەرەوڕووی ئەو نووسەر و شاعیر و چیرۆک نووسانە بکاتەوە کە دەیانەوێ بەشێوەی جیدی لەم بوارەدا کار و چالاکی بکەن.
ئارش مێهرەبان بەڕێوەبەر و فاتمە ئیبراهیمی بەرپرسی ئەم بڵاوگەیە و بە وتەی خۆیان ئەم بنکەیە دەبێتە خاڵی وەرچەرخانێک لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەدەبیاتی منداڵان.
مێهرەبان بەڕێوەبەری ئەم بڵاوگەیە دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت ئەو بەرهەمانە چاپ بکەین کە بنەماکانی تایبەت بە ئەدەبی منداڵان تێیدا ڕەچاو کرابێت.
ناوبراو ڕایگەیاند: ئەم بڵاوگەیە لە تیمێکی پسپۆڕ پێک هاتووە و دەرچووانی بەشە جۆربەجۆرەکانی زانکۆن و هەوڵمان ئەوەیە کە بتوانین بە شێوازێکی باش و سەردەمیانە و پرۆفێشناڵ کتێبی نووسەران پاش هەلسەنگاندنیان بخەینە بەر چاپ و بڵاوکردنەوە.