ئادار 24, 2021 15:27 Asia/Tehran
  • سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە ئاھەنگی گواستنەوەی مەشخەڵی ئۆلەمپیک بەشداری ناکات

سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ڕایگەیاندووە لە ئاھەنگی گواستنەوەی مەشخەڵی ئۆلەمپیک کە سبەینێ پێنج شەممە دەست پێ دەکات، بەشداریی نابێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، بە نزیک بوونەوەی کاتی بەرپاکرانی ئۆلەمپیکی تۆکیۆ، ھەموو ڕۆژێک دەنگ و باسی تازە لە بارەی ئەم ڕووداوە گرینگە وەرزشییە بڵاو دەبێتەوە. چەند ڕۆژ لەمەوبەر بوو کە ڕاگەیەندرا ھاندەرانی بیانی بۆیان نییە بەشداریی ئەو کێبەرکێیانە بکەن و لە ئێستاش دا ھەواڵێکی تازە بڵاو بووەتەوە.

گوێزرانەوەی مەشخەڵی ئۆلەمپیکی تۆکیۆ لە سبەینێ پێنج شەممەوە لە کاتێکدا دەست پێ دەکات کە «یوشیھیدە سوگا» سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ڕایگەیاندووە بەشداریی ئەو ئاھەنگە ناکات.

ناوبراو لەم بارەیەوە ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە، دوابەدوای ھەڵسەنگاندنی وردی بابەتەکە لەوانە بەرنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، بڕیارم دا کە لە ئاھەنگەکەدا بەشداری نەکەم، بە ڕاستی ھیوادارم گواستنەوەی مەشغەڵی ئۆلەمپیک ھەلێکی باش بێت بۆ ئەوەی خەڵک لە سەرتاسەری ژاپۆن وا ھەست بکەن کە کاتی بەرپاکرانی ئەم یارییانە خەریکە نزیک دەبێتەوە.

جێگای ئاماژەیە گواستنەوەی مەشغەڵی ئۆلەمپیک بە ھۆی تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی ئافرەتانی ژاپۆن لە ناوچەی «فوکوشیما»وە دەست پێ دەکات و ئەم مەشغەڵە گەشتێکی ١٢١ ڕۆژەی بۆ ٤٧ ناوچەی ئەم وڵاتە دەبێت.

سەرپەیڤ