نیسان 14, 2021 15:10 Asia/Tehran
  • ھەژار بوو بە سەد ساڵە

ئەمڕۆ سەدەمین ساڵیادی لە دایک بوونی شاعیرو نووسەرو وەرگێڕو لێکۆڵەرو فەرهەنگ نووسی کورد مامۆستا «هەژار موکریانی» کیمیاگەری ئەدەبی کوردییە.

«عەبدۆڕڕەحمان شەرەفکەندی» ناسراو بە «هەژارموکریانی» کوڕی «حاجی مەلا موحەممەد» لە دایکبووی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٠٠ لە مەهاباد و کۆچ کردووی ٢ ڕەشەمەی ١٣٦٩ لە کەرەج  شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ و فەرهەنگ نووسی ناوداری کوردە کە ئەمڕۆ سەدەمین ساڵی خۆی پڕ دەکاتەوە.

ژیانی مامۆستا «هەژار» بە گشتی بە سێ قۆناغ دابەش دەبێ، یەکەم قۆناغ ئەدەبییە کە نووسینی شیعر و نووسراوە لە گۆڤارەکانی ساڵانی ٢٢ – ٢٥ی هەتاوی و ٤٣ – ٤٦ی زایینی تا دوایی دەگرێتەوە. دووهەم قۆناغی  چوونە نێو دنیای خەباتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بووە و سێهەم قۆناغی ڕاپەڕاندنی کارە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی بووە کە لە ساڵی ١٣٥٤ بۆ سەرێ دەگەڕێتەوە کە لە ماوەی ١٥ ساڵدا باشترین خەرمانی فەرهەنگی و ئەدەبیی بەرهەم هێنا.

«عەبدۆڕڕەحمان شەڕەفکەندی» کەسایەتییەکە کە لە بواری نووسین، شیعر و وەرگێڕان‌دا کاری کردووە و لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان‌دا  بابەتی جۆراوجۆری زۆری لێ بڵاو بۆتەوە و لەو شوێنانەی کە لێی نیشتەجێ بووە هاوکاریی زۆرێک لە بڵاوکراوە و بلاڤۆکەکانی کردووە. «مامۆستا ھەژار» نزیکەی ١٩ کتێبی چاپ کراوی هەیە.

یەکێک لە گرینگترین وەرگێڕانەکانی‌ «مامۆستا ھەژار» قوڕئانی پیرۆزە کە بە زمانێکی بێ گرێ و گۆڵ بۆ سەر زمانی کوردی وەریگێڕاوەتەوە. لە بەشی وەرگێڕانی فارسیشدا کتێبی «قانون»ی «ئیبنی سینا»ی  کە لە ڕاستیدا کاری گرووپێکی زاکۆییە لەو عەرەبیە قورسەوە کرد بە فارسی .

«مامۆستا ھەژار» بە کارەکانی توانی کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند کات و بە وشەی قەڵەمی و بیر و هزری کوردانەی توانی ڕێچکەیەکی تایبەتی وەرگێڕان بۆخۆی ساز بکات و لەسەر ئەم ڕێچکەیە خەرمانێکی پڕ بەرەکەت بۆ نەوەی داهاتوو بەجێ بھێڵێ .

سەرپەیڤ