May 13, 2021 09:38 Asia/Tehran
  • جێژنی ڕەمه‌زان

خوشکی موسڵمان و برای بڕوامەندم ، کە بڕیار وایە لەم جێژنە بەولاوە بگۆڕدرێین و بسووتێین و قوقنوس ئاسا بوونەوەرێکی ڕێک و پێک و مرۆڤێکی ھەڵکەوتەو ھزرێکی ئاسمانی تر لەنێو سووتماکی ئاگری کوروزانەوەو ھەڵقرچانێکی یەک مانگەمان چەکەرە بکات و سەرھەڵ بدات، دەبێ لە فەلسەفەو فەکتەرەکانی نوێ بوونەوەو تازەگەریش تێ بگەین.

جێژنی ڕەمەزان ‘جێژنی کۆتایی هاتنی ڕەمەزان نیە‘ بەڵکو جێژنی چەکەرە دانی مرۆڤێکی تازە لە ناخی سوتماکی کەسایەتیی پێشوویەتی‘هەرچۆن قوقنوس لەسووتماکەکەی هەمیسان دەژێتەوەو سەر هەڵئەداتەوە‘ ڕەمەزان کورەیەکە کە وجودی مرۆڤ دەسووتێنێت و ئینجا مرۆڤێکی تازەتر بە گیانێکی تازەی لێ پەیدا دەبێت.

جێژنی ڕەمەزان شایی کردن لە بەر ڕۆییشتنی ڕەمەزان نیە‘ بەڵکو گەشانەوە لە بەر خولقانی مرۆڤێکی نوێ بە ئەندێشە و ڕوانگەیەکی نوێیە‘ دەزانین کە ئامانجی ڕەمەزان و شەوەکانی قەدر ئەوە بوو کە مرۆڤێکی تازە لە ئێمە دروست کات و ئەگەر ئەو ئامانجە گرینگە وەدی نەهاتبێت دیارە کە جێژنی ڕەمەزان جێژنی ئێمە نیە.

بە دڵنیاییەوە یەکێک لە تایبەتمەندی و مەرجەکانی نوێ بوونەوەو دروست بوونی کەسایەتییەکی تازە لە ناخیشماندا ئەوەیە کە بەرامبەر بەو ڕووداوانەی لە گردوپەڕماندا تێ دەپەڕن خەمساردو بێ دەربەست نەبین. خۆ ناتوانین موسڵمان بین و بەس خۆمان بە مزگەوت و نوێژو نەخواردن و نەنۆشین و بەرماڵ و تەزبێحەوە بەرتەسک کەینەوە. چونکو کە ناوی باشترین خولقاوەی خوداوەندمان لە سەر دانرا دیارە ئەرکێکی قورس خراوەتە سەرشانمان و ئەوەش ھەمان ئەرک و ئامانەتە کە حافز وتەنی ئاسمان پێی ھەڵنەگیراوەو پشکەکەی بە ناوی من و تۆی مرۆڤەوە دەرچووە.

لە ئێستاش دا کە ئاوڕ لە گردوپەڕی خۆ مان دەدەینەوە ھەزاران ڕووداوی تفت و تاڵ و ناخۆش و دڵتەزێن دەبیندرێت کە ھەریەکەو بە جۆرێک ئاست و ڕادەی موسڵمان بوون و لەوەش گریگنتر مرۆڤ بوونی من و تۆ ھەڵدەسەنگێنن و تاقیی دەکەنەوە. خوشکی موسڵمان و برای بڕوامەندم ، کە بڕیار وایە لەم جێژنە بەولاوە بگۆڕدرێین و بسووتێین و قوقنوس ئاسا بوونەوەرێکی ڕێک و پێک و مرۆڤێکی ھەڵکەوتەو ھزرێکی ئاسمانی تر لەنێو سووتماکی ئاگری کوروزانەوەو ھەڵقرچانێکی یەک مانگەمان چەکەرە بکات و سەرھەڵ بدات، دەبێ لە فەلسەفەو فەکتەرەکانی نوێ بوونەوەو تازەگەریش تێ بگەین، کە ئەوەشمان کرد ئەوسا دەزانین ناتوانین موسڵمان بین و بە خەمساردییەوە لەگەڵ ئەو ڕێنماییە تەندروستیانەی کە بۆ دەستەبەرکرانی ساخڵەمیی کۆمەڵگاکەمان و لەوەش زیاتر ھەموو جیھانی مرۆڤایەتی پێویستن بە کەمتەرخەمی بجوڵێینەوەو گوێی نەدەینێ.

خۆ ناتوانین موسڵمان بین و قەڵاچۆی موسڵمانانی فەلەستین و بە تایبەت غەززەی کۆڵنەدەرلە نیشتیمانی داگیرکراویاندا ھەستمان نەورووژێنێ، خۆ ناتوانین موسڵمان بین و ھەپرون ھەپرون کرانی دەیان خونچەی تازە پشکوتووی ئەفغانی لە قوتابخانەیەکی وڵاتێکی بن دەست و ژێرچەپۆکەی ئیستیکبارو گوێ لەمستەکانیان نەمانبزوێنێ، خۆ ناتوانین موسڵمان بین و نێڵەی ئەو ئاگرەی لە ژیانی منداڵانی یەمەن بەردراوە ناخمان ھەڵنەقرچێنێ، خۆ ناتوانین موسڵمان بین و چاومان لە ئاستی بە کۆیلەیی برانی کچان و ئافرەتانی ئێزدی بنوقێنین، خۆ ناتوانین موسڵمان بین و بەتاڵان برانی ماڵ و سامان و لە نیشتیمان دەرپەڕاندن و شاڵاوی سەر کوردانی عەفرین و کۆبانێ بە ھەند نەگرین. جا کەوا بوو مادام بڕیارمان داوە موسڵمان بین و بە موسڵمانی بمێنینەوە با ھەر لە ئەمڕۆوە بڕیار بدەین کە جێژنی تاقیکرانەوەی من و تۆی موسڵمانەو لەوە دڵنیا بین کە تاقیکردنەوەی خودئاوەند بەس لە ڕۆژی جێزنی قورباندا نییەو لە ھەموو چرکەو ساتێکدا بەندەکانی تاقی دەکاتەوە، تەنانەت ئێستاش کە ئەرکی مانگێک برسیەتی و تینویەتی و شەونخونیی بە ھەڵاتنی ھەتاوی مانگی شەووال لە سەر ھەڵگرتووین. جێژنی ڕەمەزان لە ھەموو لایەک موبارەک و پیرۆز بێت.

سەرپەیڤ