May 21, 2021 14:53 Asia/Tehran
  • لە بەر گیان لەدەست دانی «مارادۆنا» حەوت کەس دەکەونە بەر لێپێچینەوە

حەوت کەس لە کەیسی گیان لەدەست دانی «دییەگۆ مارادۆنا» یاریزانی ناوداری ئەرژەنتین لێپێچینەوەیان لێ دەکرێت و لەوانەیە زۆربەیان سزای زیندانی هەتاسەریان بۆ ببڕدرێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی «فرانس پرێس»، ستافی پزیشکی سەرپەرشتیاری مارادۆنا، لەنێوانیاندا دکتۆر «لیۆپۆڵدۆ لوکی» ئەو پزیشکەی نەشتەرگەری لەسەریدا بۆ ئەنجامداوە، لەگەڵ «ئۆگۆستینا کۆساتشۆڤ»ی پزیشکی دەروونی و «کارلۆس دیاز»ی شارەزای بوارە دەروونییەکان، خراونەتە بەر لێپێچینەوەی دادگای «سان ئیسیدۆ» و ڕەنگە هەریەکەیان لە نێوان هەشت بۆ ٢٥ ساڵ سزای زیندانیکردنیان بەسەردا بسەپێنرێت.

بەپێی ئەو داتایانەی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە لە پەڕاوێکی (٧٠) پەڕەییدا پێشکەشی دادوەری گشتییان کردووە، ستافی پزیشکی سەرپەرشتیاری مارادۆنا کەمتەرخەمبوون لە چارەسەرکردنی ناوبراو.

بەپێی راپۆرتەکە، دکتۆر «لوکی» و هاوکارانی «مارادۆنا»یان داوەتە دەست قەدەری مردن، تەنانەت لە کۆتا ڕۆژیدا ١٢ کاژێر بەر لە مردنی بە ئازارەوە ناڵاندوویەتی و  سسستی دایگرتووە، کەچی ئەوان بە ھەندیان نەگرتووە.

حەوت پزیشکی سەرپەرشتیاری ئەم یاریزانە کۆچکردووە لە ئێستادا براونەتە بەردەم دادگاو بەبڕیاری دادوەری باڵا بۆیان نییە ڕوو لەدەرەوەی وڵات بکەن، تاوەکو ئەوکاتەی دۆسیەکە یەکلایی دەبێتەوە.

سەرپەیڤ