May 23, 2021 11:13 Asia/Tehran
  • مامۆستای زانکۆی سنە خەڵاتی تایبەتی فستیڤاڵی گەلاوێژ وەردەگرێت

خەڵاتی ساڵانەی عەبدولخالق مەعرووف بۆ باشترین توێژەری زمانی کوردی، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ بە دوکتۆر بەختیار سەجادی ماموستای بەشی زمان و وێژەی ئینگلیزی و کوردی زانستگای کوردستان پێشکەش دەکرێت.

بە پێی هەواڵی مێهر، ئەنجومەنی باڵای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ لە سلێمانی، خەڵاتی تایبەتی خۆی لە ساڵی 2021 بە دوکتۆر بەختیار سەجادی، ئەندامی لیژنەی زانستیی زانستگای کوردستان و ئەندامی کارای بەشی زمانناسی و وێژەی کوردی توێژینگەی کوردستانناسی پێشکەش دەکات. ئەم خەڵاتە کە هەموو ساڵێک بە توێژەرێک دەبەخشرێت، ئەمساڵ بە ناوی لێکۆڵەری کۆچکردووی کورد، عەبدولخالق مەعرووف ناو نراوە. خەڵاتی ئاماژە پێکراو بە بۆنەی خزمەت و لێکۆڵینەوە بەنرخەکانی دوکتۆر سەجادی بە کۆمەڵگای زانستی و ڕووناکبیریی کوردستان، لە بەشی تایبەتی بیست و چوارەمین فستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ پێشکەشی بەڕێزیان دەکرێت.

دوکتۆر بەختیار سەجادی ماموستای زمان و وێژەی ئینگلیزی و بەرپرسی یەکەمین و تاقە گۆڤاری زانستیی دانپێدانراوی ئێرانە کە بە زمانی ئینگلیزی و سەبارەت بە ئەدەبی ئینگلیزی و ڕەخنە و تیۆریی ئەدەبی دەردەچێت. ناوبراو ئەندامی کارای بەشی لێکۆڵینەوەیی زمانناسی و وێژەی کوردی توێژینگەی کوردستانناسی و هۆکاری کاریگەر لە وەرگرتنی پلەی زانستی "توێژینەوەنامەی وێژەی کوردی"یە کە تاقە گۆڤاری زانستی پەسندکراوی ئێران لە بواری وێژەی کوردییە.

شیاوی ئاماژەیە؛ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ لە ساڵی 1996ەوە تا ئێستا هەموو ساڵێک بە بەشداری ئەدیبان، شاعیران، وەرگێڕان و ڕەخنەگرانی وڵاتە جۆربەجۆرەکانی جیهان، ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق لە چەندین بەشی جۆربەجۆر لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت.

لە ڕۆژی کۆتایی فێستیڤاڵەکە، کەسانی سەرتری هەموو بەشەکان دەست نیان دەکرێن و خەلاتیان پێشکەش دەکرێت.

ئەمساڵ بیست و چوارەمین فستیڤاڵی گەلاوێژ ڕۆژانی 25 تا 27ی مانگی مەی بەڕێوە دەچێت.

سەرپەیڤ