ته‌مووز 21, 2021 01:03 Asia/Tehran
  • جێژنی قوربان، جێژنی سەرکەوتنی مرۆڤە لە دژوارترین تاقیکردنەوەی ئیلاھی دا

قوربانی کردن لە ڕاستی دا نھێنی و ڕەمزی بەخت کردنی ھەموو شتێکە لە پێناوی پەرەستووداو نوێنگەیەکە لە خاوێن کردنەوەی دڵ لە ھەر شتێکی نائیلاھی.

ئامانج لە ئافرانی مرۆڤ ناسینی خوداوەندە و مرۆڤ کاتێک بەم زانستە پرشنگدارە دەگات کە بە ھۆی عیبادەتەوە خەریکی گۆش کردنی نەوسی خۆی بێت. ئینجا حەجج داگری تەواوی ئەو دەرەنجامانەیە کە لە عیبادەتەکانی دیکە واتە نوێژو ڕۆژوو بەرھەم دێت، ئا لەم ڕوانگەیەوە کاریگەرییەکی بنەڕەتیی لە سەر ناسیاری پەیداکردن و مەعریفەتی مرۆڤ بەرامبەر بە خوداوەند دادەنێت. بۆ وێنە ، ئەو کاتەی کە حاجی لە قوربانگەی مینادا دەگیرسێتەوە، تووشی کاس بوون و سەرسوڕمان دەبێت کە داخۆم ئەم ھەموو قوربانییە بۆچییە؟ مەگەر ھەرلە بنەڕەت دا قوربانی کردنی گیاندارێک دەتوانێ ببێتە ئاڵقەی زنجیرە عیبادەتێک؟. بەڵام کاتێک کە ڕووداوی قوربانی کردنەکەی ئیبراھیم خەلیلوڵڵا وەبیر دێنێتەوە کە خۆشەویست ترین خۆشەویستەکانی و شیرین ترین بەرھەمی تەمەنی لەم گۆڕەپانەدا لە پێناوی خودا بەخت کرد، ئەوسا دڵی ئۆقرە دەگرێ و لە فەلسەفەی ئەم کارە تێ دەگات.

قوربانی کردن لە ڕاستی دا نھێنی و ڕەمزی بەخت کردنی ھەموو شتێکە لە پێناوی پەرەستووداو نوێنگەیەکە لە خاوێن کردنەوەی دڵ لە ھەر شتێکی نائیلاھی. کاتێک دەکرێ لەم ڕێ و ڕەسم و مەناسیکە ئەوپەڕی بەھرەوگۆشکردن مسۆگەر بکرێت کە تەواوی دیمەنی قوربانی کردنی ئیسماعیل و ورەی ئەو باوک و کوڕە لە کاتی قوربانی کردن دا وێنا بکرێت و ئەو ورەبەرزانە لە ناخی مرۆڤ دا تیشک بداتەوە.ئاھەنگی حەجج لە ڕاستی دا دەربڕی عیبادەتێکە کە بە شێوەیەکی قوڵ و بناغەدار تێکەڵ بە بیرەوەریی خەبات و لەخۆبردوویی ئیبراھیم (خەلیلوڵڵا) و ئیسماعیل (زەبیحوڵڵا)ی کوڕی و ھاجەری ھاوسەریەتی. دیارە ئەگەر لە ڕازو نھێنییەکانی حەجج خافڵ بین، زۆرێک لە مەناسک و ڕێ و ڕەسمەکانی وەک مەتەڵێک دەمێننەوەو کەس سەری لێ دەرناکات. بێ گومان کلیلی ھەڵێنانی ئەم مەتەڵەش ھەمان سەرنجدانی تێکەڵاوییە قوڵەکەیەتی.لە ڕاستی دا دەبێ لە ئاھەنگ و مەناسکی حەجج دا، بیرەوەرییەکانی ئیبراھیم و کوڕو ھاوسەرەکەی چرکە بە چرکە و ھەنگاو بە ھەنگاو وەبیر بێنینەوە ھەتا ھەم لە فەلسەفەکەی تێ بگەین و ھەم کاریگەرییە قوڵ و ئاکارییەکانی حەجج باڵە پرشنگدارەکانی بەسەر تاک بە تاکی حاجییەکاندا ڕابکێشێت.

سەرپەیڤ